ژنێك و دوو منداڵی دیكه‌ی ئێزدی رزگاركران

له‌ كامپێكی رۆژئاوای كوردستان ناسراونه‌ته‌وه‌

K24 - دهۆك:

ژنێك و دوو منداڵی ئێزدی، له‌ كامپی هۆلی رۆژئاوای كوردستان، كه‌ شوێنی ده‌ستگیركردنی هاوسه‌ر و منداڵه‌كانی داعشه‌، رزگاركران.

ماڵی ئێزدی له‌ هه‌رێمی جزیره‌ی رۆژئاوای كوردستان، رزگاركردنی ئه‌و ژن و دوو منداڵه‌ ئێزدییه‌ی راگه‌یاندووه‌ و ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات، له‌گه‌ڵ رزگاركردنی ناوچه‌ی باغۆز هاتوونه‌ته‌ كامپی هۆل له‌ جزیره‌.

ئاماژه‌ به‌وه‌ش كراوه‌، ئه‌و سێ كه‌سه‌ به‌ هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ كارگێڕی كامپه‌كه‌ توانراوه‌ بناسرێنه‌وه‌ و له‌ناو ئه‌و ژن و منداڵانه‌ی داعش كه‌ له‌ باغۆزه‌ خۆیان راده‌ستی هێزه‌كان كردبوو و له‌ كامپه‌كه‌ چاودێری ده‌كرێن، جیابكرێنه‌وه‌ و رزگار بكرێن.

تا ئێستاش ژماره‌یه‌كی یه‌كجار زۆری كوردانی ئێزدی چاره‌نووسیان نادیاره‌، وێڕای ئه‌وه‌ی رێكخراوی داعش له‌ عێراق و سووریا تێكشكێنراوه‌.

ئ. م