روحانی ھەڕەشە لە ئیمارات و بەحرەین دەكات

"ئەوانەی پەیوەندیان لەگەڵ ئیسرائیل دروستكردووە، دەبێ دەرەنجامەكان بگرنە ئەستۆ"

K24 - ھەولێر

حەسەن روحانی، سەرۆك كۆماری ئێران ھەڕەشە لە وڵاتانی عەرەبی دەكات و دەڵێ "ئەو وڵاتانەی رێگەی ناوچەكە بۆ ئیسرائیل دەكەنەوە، دەبێ بەرپرسیارییەتی دەرەنجامە كارەساتبارەكان بگرنە ئەستۆ".

سەرۆك كۆماری ئێران لەمیانی كۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی وڵاتەكەی گوتی: "خەڵكی ھەندێك وڵاتی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست موسوڵمان و دیندارن، بەڵام حاكمەكانیان لە ئایین و تەنانەت بەڵێنیش تێنەگەیشتوون. ئەوان بەڵێنەكانیان بۆ خەڵكی فەڵەستین لەبیركردووە، ئەوان برای ئێمەن و خۆ لانیكەم عەرەبن".

روحانی گوتیشی: "ھەموو رۆژێك لە فەڵەستین تاوان دەكەن، ئێوە چۆن دەستتان بۆ ئیسرائیل درێژ كردووە، دەتانەوێ لەناوچەکە پێكە بە ئیسرائیل بدەن. بەرپرسیارییەتی ھەموو  دەرھاویشتە كارەساتبارەكانی ئەو بڕیارە لەسەر شانی ئێوەیە، چونكە ئێوە كارێكی نایاساییتان كردووە".