سه‌رۆك بارزانی و حه‌لبووسی ته‌ئكید له‌سه‌ر یه‌كلاییكردنه‌وه‌ی پۆسته‌كان به‌گوێره‌ی واده ده‌ستوورییه‌كان ده‌كه‌نه‌وه
K24 - هه‌ولێر:
ئه‌مڕۆ شه‌ممه 22/9/2018 سه‌رۆك مه‌سعوود بارزانی و محه‌مه‌د حه‌لبووسی سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، ته‌ئكیدیان كرده‌وه پێویسته بۆ یه‌كلاییكردنه‌وه‌ی ئیستیحقاتی داهاتوو و یه‌كلاییكردنه‌وه‌ی سه‌رۆكایه‌تییه‌كان و پێكهێنانی حكوومه‌تی نوێ، واده ده‌ستوورییه‌كان له به‌رچاو بگیرێت.
به‌گوێره‌ی زانیارییه‌كانی ئۆفیسی میدیایی په‌ره‌لمانی عێراق، ئه‌مڕۆ له هه‌ولێر سه‌رۆك مه‌سعوود بارزانی و سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق كۆبوونه‌ته‌وه‌و له دیدارێكدا رایانگه‌یاندووه، پێویسته هه‌مووان پابه‌ندی ئه‌و واده ده‌ستووریانه بن كه بۆ یه‌كلاییكردنه‌وه‌ی ئیستیحقاقاتی داهاتوو له پێكهێنانی حكوومه‌ت و دیاریكردنی سێ سه‌رۆكایه‌تییه‌كه‌دا دیاریكردووه.
به‌گوێره‌ی هه‌وأڵێكی ماڵپه‌ڕی فه‌رمی سه‌رۆك بارزانی، لە دیدارەكەدا بارودۆخی سیاسیی عێراق و دوایین پێشهات و گۆڕانكارییەكان لە هاوكێشەكانی نێو پڕۆسەی سیاسیی عێراق تاوتوێ كرا. هەروەها ڕۆشنایی خرایە سەر هەوڵەكانی لایەنە سیاسییەكان بۆ پێكهێنانی حكوومەتی تازەی عێراق.
هەر لەو كۆبوونەوەیەدا هەردوولا لەسەر ئەوە هاوڕا بوون كە پێویستە هەموو لایەك پابەندی تەوقیتاتی دەستووری بێت لە پڕۆسەی سیاسی و جەختیش لە پابەندبوون بە هەر سێ پڕەنسیپی هاوبەشی و تەوافوق و هاوسەنگیی نێوان پێكهاتەكان لە پڕۆسەی حوكمڕانیدا كرایەوە.
سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق ئه‌مڕۆ گه‌یشته هه‌ولێر و سه‌ردانه‌كه‌ی له كاتێكدا په‌رله‌مان رۆژی 25/9/2018ـی بۆ هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆككۆمار دیاریكردووه و ئه‌و پۆسته‌ش پشكی كورده.
یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان پاش گه‌ڕانه‌وه‌ی بۆ ناو حزبه‌كه به فه‌رمی به‌رهه‌م ساڵحی بۆ وه‌رگرتنی ئه‌و پۆسته كاندیدكردووه‌و پارتی دیموكراتی كوردستانیش له چه‌ند رۆژی رابردوودا له زاری گوته‌بێژه‌كه‌یه‌وه رایگه‌یاند: "كاندیدیان بۆ پۆستی سه‌رۆككۆمار ده‌بێت".
له‌وباره‌یه‌وه ئه‌مڕۆ فازڵ میرانی سكرتێری مه‌كته‌بی سیاسی پارتی به میدیاكانی راگه‌یاند: "ھێشتا پارتی كاندیدی بۆ پۆستی سه‌رۆككۆماری عێراق دیارینه‌كردووه".