ئاڵا تاڵەبانی: بەڵگە ھەیە و دەبێ لێپرسینەوە لەگەڵ مەلا بەختیار بكرێت

"جام پڕبووە و لێی دەڕژێ"

K24 - ھەولێر

ئاڵا تاڵەبانی، ئەندامی سڕكراوی ئەنجوومەنی سەركردایەتی یەكێتی، رەخنە لە بڕیاری سڕكردنی لە سەركردایەتی حزبەكەی دەگرێت و رایدەگەیەنێت "دەبێ یەكێتی لێپرسینەوە لەگەڵ مەلا بەختیار بكات نەك من".

لە گرتە ڤیدیۆیەكدا كە ئەمڕۆ بڵاویكردووەتەوە، ئاڵا تاڵەبانی دەڵێت: "زۆر شت ھەیە ویستوومە قسەی لەسەر بكەم، بەڵام بەھۆی دۆخی ناویەكێتی و كۆچی دوای مام جەلال بێدەنگ بووم و ویستم ھەڵیگرم بۆ كاتی خۆی، بەڵام دیارە جام پڕبووە و لێی دەڕژێ، كاتی ئەوە ھاتووە ھەندێك لە راستییەكان ئاشكرا بكەین".

ئاڵا تاڵەبانی دەشڵێت: "لەكاتی لادانم لە سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی، نامەیەكم ئاراستەی جێگری سكرتێری گشتی و مەكتەبی سیاسی و خاتوو ھێرۆ كردووە و داوای روونكردنەوەی ھۆكارەكانم كردووە، بەڵام تائێستا بە ھیچ شێوەیەك وەڵامم نەدراوەتەوە، تا كار گەیشتە ئەوەی لە چەند رۆژی رابردوو بێ ئەوەی ئاگادار كرابمەوە و لەوێ بم و قسە بكەم، ھەوڵێكی شكستخواردووی دیكەیان داوە، بۆ دەركردنی من لە یەكێتی، بەپێی پەیڕەوی ناوخۆ ناتوانرێ ئەندامی سەركردایەتی دەربكرێت، دوای خستنە دەنگدانی ھەوڵەكە شكستی ھێناوە و دواتر بڕیاری سڕكردنم دراوە".

دەشڵێت: "ئەوەی سەیرە لە بڕیاری سڕكردنم كە كاكی كارگێڕی مەكتەبی سیاسی واژووی كردووە، دەڵێ ھەرچی موڵك و ماڵی یەكێتی ھەیە بیگێڕمەوە، من تەنھا یەك ئۆتۆمبێلی یەكێتیم لایە، ھەق وابوو ئەو نامەیە بۆ دكتۆر نەجمەدین كەریم بكەن، بۆ ئەوانە بكەن كە موڵك و ماڵی یەكێتی كار دەكەن".

ئاڵا تاڵەبانی روو دەكاتە مەلا بەختیار و دەڵێ: "كاكی كارگێڕ بۆی نییە لێپرسینەوە لەگەڵ من بكات. لەبەر ئەوەی دەبێ مەلا بەختیار خۆی لیژنەی لەسەر پێك بھێندرێ، چونكە بەڵگەی لەسەر ھەیە و بەڵگەكانیش لای لاھور شێخ جەنگییە، ئەوە من نیم پارەم وەرگرتووە بۆ ئەوەی ریفراندۆم بكەم، ئەوە من نیم دوو ملیۆن دینارم وەرگرتووە و نازانم چۆن خەرج كراوە، با یەكێتی بێت لەو شتانە بپرسێتەوە، لەبەر دۆخی یەكێتی ئەو بابەتانە دواخراوە".

جەختیش لەوە دەكاتەوە: "من لە پەیڕەو لام نەداوە و نەچوومەتە ناو حزبێكی دیكە، بە ئاگاداری ھێرۆخان و ماڵی مام جەلال و ھەندێك سەركردەی یەكێتی چوومەتە ناو ھاوپەیمانیەك، بۆیە داوا لە ئەنجوومەنی ناوەندی یەكێتی دەكەم لێكۆڵینەوە بكەن لەسەر بڕیاری سڕكردنم لە سەركردایەتی یەكێتی".

ئاڵا تاڵەبانی، لە بەشێكی دیكەی قسەكانی باس لەوە دەكات: "ھەر ئەوانە بوون واژوویان كۆكردەوە، بۆ ئەوەی جەنابی مام جەلال لە یەكێتی دەركەن، گوتیان ناتوانێ سكرتێری یەكێتی بێت".

ھ.م