رووسیا له‌باره‌ی عه‌فرین توڕه‌یی خۆی نیشانی توركیا ده‌دات
K24- هه‌ولێر:
دوای ده‌ستپێكردنی بۆردومانه‌كانی سوپای توركیا بۆ سه‌ر ناوچه‌كانی سه‌ر به عه‌فرینی رۆژئاوای كوردستان، سێرگی لاڤرۆڤ، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی رووسیا جه‌ختی كرده‌وه، توركیا پابه‌ندی رێككه‌وتنی كه‌مكردنه‌وه‌ی شه‌ڕ له سووریا نه‌بووه.
ئه‌م قسانه‌ی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی رووسیا له‌میانه‌ی كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا له نیۆیۆرك هاتوون و، سه‌باره‌ت به‌و ده‌نگۆیانه‌ی كه باس له كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانی رووسیا له سووریا ده‌كه‌ن، لاڤرۆڤ ره‌تی كرده‌وه، چاو‌دێر و راوێژكاره سه‌ربازییه‌كانی رووسی له عه‌فرین كشابنه‌وه.
هه‌وره‌ها جه‌ختیشی كرده‌وه، ئه‌وان له‌و باوه‌ڕه‌دان كه ده‌توانن كێشه‌ی عه‌فرین چاره‌سه‌ر بكه‌ن، بۆئه‌و مه‌به‌سته‌ش هه‌وڵه دیبلۆمسییه‌كانیان به‌رده‌وامن.
سه‌باره‌ت به بڕیاری ئه‌مه‌ریكاش بۆ درووستكردنی هێزی سنوورپارێز، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی رووسیا ئاماژه‌ی به‌وه كرد، ئه‌مه‌ریكا ده‌یه‌وێت به درووستكردنی ئه‌و هێزه ده‌سه‌ڵاتی جێگره‌وه درووست بكات، ئه‌مه‌ش پێشێلكارییه به‌رامبه‌ر سه‌روه‌ری سووریا و یاسا نێوده‌وڵه‌تییه‌كان.
ئه‌مڕۆ نوره‌دین جانیكلی، وه‌زیری به‌رگری توركیا ده‌ستپكردنی هێرشی سه‌ر عه‌فرین له‌لایه‌ن سوپای وڵاته‌كه‌یه‌وه به تۆپبارانكردن له سنووره‌وه راگه‌یاند.