حەشدی شەعبی لەرێگه‌ی قاچاخەوە نەوتی کەرکووک دەفرۆشێت

له‌ ژێر گوشاری میلیشیاكان لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ بابه‌ته‌كه‌ ناكرێت

K24 – كه‌ركووك:

حه‌شدی شه‌عبی، به‌ قاچاخ نه‌وتی كه‌ركووك ده‌رده‌هێنن و ره‌وانه‌ی ئێران ده‌كه‌ن، له‌ ژێر گوشاری ئه‌و میلیشیا شیعییه‌ش، لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ بابه‌ته‌كه‌ داخراوه‌ و به‌ دواداچوونی بۆ ناكرێت.

بەدیاریکراوی لەسەر ڕێگای (کەیوان- یایچی) لەدەرەوەی کەرکووک، ئۆتومبێلێکی جۆری مارسیدس، 36 هەزار لیتری نەوتی ڕەشی هەڵگرتبوو، کاتێک لەبازگەی کەیوان پۆلیس داوای مۆڵەت و نووسراوی هەڵگرتنی نەوتەکەی لێ دەکەن مۆڵەتی نییە، بۆیە دەست بەجێ شۆفێری تانکەرەکە دەست دەستگیردەکەن، هەر لەو شوێنە شۆفیری تانکەرەکە دان دەنێت بەوەی نەوتەکە بەشێوەی قاچاخ لە یەکێک لە کێڵگەکان دەریدەهێنن.

زانیارییەکان ئەفسەرێک بەپلەی موقەدەم لەپۆلیسی کەرکوک بەکوردستان24ی دا کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت.

ئەو ئەفسەرە دەڵێت؛ کاتێک هێزە ئەمنییەکان چوونەتە شۆێنەکە دەیبنن لەیەکێک لە کێڵگەکانی باشووری رۆژئاوای کەرکووک بۆرییەکی سەرەکی نەوت کونکراوە و شەوانە بەتانکەر نەوتی لێ دەردەهێنرێت و دەبرێت بۆ وڵاتی ئێران.

دوای چەند کاتژمێرێک، چەند سەرکردەیەکی حەشدی شەعبی لەسەر بابەتەکە هاتنە دەنگ و بابەتەکە داخرا، چونکە دەرکەوتووە ئەو تانکەرانەی نەوت بەقاچاخ دەردەهێنن بۆ چەند سەرکردەیەکی حەشدی شەعبی کار دەکەن.

ئێستا بەفشاری چەند سەرکردەیەکی حەشدی شەعبی، بابەتەکە لەلایەن پۆلیسی کەرکووکەوە داخراوە.

ئه‌و وێنانه‌ی كه‌ ده‌ست كوردستان 24یش كه‌وتوون، ساتی چوونی هێزە ئەمنییەکانە بۆ ئەو شوێنەی که نەوتی لێ دەردەهێنرا.

 

ا. م