دروستبوونی زیپکە لە شوێنە جیاوازەکانی لەش هۆکاری جیاوازی هەیە

بۆچی زیپکە لە شوێنە جیاوازەکانی لەش دروست دەبێت؟

K24 – هه‌ولێر:

دروستبوونی زیپبکە لەسەر پێست یەکێکە لە حاڵەتە بێزارکەرەکان کە هەندێکجار وێنەی رۆژی هاوسەرگیری یاخود دەرچوونت لە زانکۆ تێکدەدات.

دروستبوونی زیپکە لە شوێنە جیاوازەکانی پێست هۆکاری جیاوازی لە پشتە، رۆژنامەی ئیندیپێندتی بەریتانی بە سوود وەرگرتن لە رێنمایی د. جاشوا زیچنەر، بەڕێوەبەری بەرهەمی جوانکاری و توێژینەوەی پزیشکی لە نەخۆشخانەی ئێم تی سینای لە نیویۆرکی ئەمەریکا، ئەو هۆکارانە ئاشکرادەکات.

لە نێوان برۆ و لووت:

هۆکاری سەرەکی دروستبوونی ئەو زیپکانە بۆ چوونە قۆناخی هەرزەکاریی دەگەڕێتەوە، گەر ئەوەش نەبێت، هۆکارەکەی بۆ بوونی فشاری زۆر دەگەڕێتەوە.

کاتێک لەشی مرۆڤ دژی فشارە دەروونییەکان دەجەنگێت، هۆرمۆنی ئادرێنالین زیاد دەکات ئەمەش دەبێتە هۆی زیادبوونی بەرهەمهێنانی رۆنی سەر پێست بەتایبەت لە نزیک لووت و برۆکان.

لەناو قژ:

یاخود دەستی پیس و چەورت لەسەرت داوە، یا ئەوەتا جێڵ و کرێمی قژ و بەرهەمەکانی جوانکردنی قژت زۆر بەکارهێناوە.

دەوری دەم:

خواردنە دەوڵەمەند بە ترش و چەوری دەخۆیت و بەشێک لە چەوری ئە خۆراکانە بە دەمتەوە جێدەمێنن و نایشۆیت، ئەمەش هۆکاری زیپکەیە لە دەوری دەم  و لێو.

روومەت:

کاتێک بەردەوام دەستەکانت ناشۆیت و دەست لە دەمووچاوت دەدەیت، بۆ رێگری لەمە دەبێت لەکاتی بەکارهێنانی مۆبایل و کیبۆردەکەت، دەستەکانت پاک بشۆیت.

لە گوێ و دەوروبەری:

هۆکاری سەرەکی دروستبوونی زیپکە لەسەر گوێ و دەوروبەری گوێ، بۆ کەمخواردنەوەی ئاو دەگەڕێتەوە، کاتێک مرۆڤ دووچاری دیهایدەریشن (کەمبوونی رێژەی ئاو لە لەشدا) دەبێت، ئەوا زیپکە لەسەر گوێ دروست دەبێت.

لەسەر قۆڵ:

ئەمە بەهۆی نەخۆشییەکی پێستەوەیە کە بە کیراتۆسیس پیلاریس ناودەبرێت. زۆر جار دروستبوونی ئەم حاڵەتە بۆ ماوەییە و کاتێک دروست دەبێت کە رێژەیەکی زۆر کریاتین لەلایەن کونیلەکانی پێست دەدرێتە مووی لەش.

چارەسەر بۆ ئەمە بەکارهێنانی سابوون و شامپۆی تەندروستە، ئەوانەی پێست وشک ناکەنەوە و بەڵکو شێداری دەکەن.

H.J