ئه‌نجوومه‌نى ئاسايشى هه‌رێمى كوردستان: هێرشه‌كانى داعش بۆ سه‌ر كه‌ركووك و مووسڵ زياديان كردووه‌

مانگی رابردوو چەکدارانی داعش و گروپە نەناسراوەکان 22 هێرشیان کردووەته‌ سەر هێزە ئەمنیيەکان

K24 – هه‌ولێر:

سه‌باره‌ت به‌ دووباره‌ بوونه‌وه‌ى هێرش و په‌لاماره‌كانى داعش و په‌ره‌سه‌ندنى مه‌ترسييه‌كانيان، ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان رايگه‌ياند، هێرشەکانی داعش بۆ سەر کەرکووک و مووسڵ زیادیان کردووە.

ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان لە چەند تویتێکدا، كه‌ له‌ تۆڕى كۆمه‌ڵايه‌تى تويته‌ر بڵاويكردووه‌ته‌وه‌، رايگه‌ياندووه‌، لە مانگی رابردووەوە هێرشەکانی داعش لە کەرکووک و مووسڵ و هەندێک ناوچەی عێراق زیادی کردووە.

هه‌روه‌ها ئاشكرايكردووه‌، مانگی رابردوو چەکدارانی داعش و گروپە نەناسراوەکان 22 هێرشیان کردووەته‌ سەر هێزە ئەمنیيەکان لە خانەقین، حەویجە، گەیارە، دووبز و رەشاد.

روونيشيكردووه‌ته‌وه‌، زیاتر لە 25 بۆمب بە هێزە ئەمنییەکانی عێراق تەقیونەتەوە و 9 رووداوی رفاندنیش تۆمارکراون و جموجۆڵی داعشیش لەو ناوچانە زیادیان کردووە.

ئەمە لەکاتێکدایە بەگوێرەی راپۆرتە ھەواڵێكی دەنگی ئەمریكا، حكومه‌تى عێراق ھێزی زیاتری ره‌وانه‌ى ناوچەكانی رۆژئاواى كه‌ركوك كردووە.