ئەمەریکا و کەنەدا تاوتوێی سەپاندنی پێناسی گومرگی بۆ سەر سعوودیە و رووسیا دەکەن

نەوتی خاوی برێنت لە 25 دۆلارەوە بۆ نزیکەی 34 دۆلار بەرزبووەوە

K24 - ھەولێر

ئەمەریکا و کەنەدا تاوتوێی سەپاندنی پێناسی بۆ سەر سعوودیە و رووسیا دەکەن

K24 - ھەولێر

بەرپرسانی ئەمەریکا و کەنەدا تاوتوێی سەپاندنی پێناسی گومرگی بۆ سەر هاوردەی سعوودیە و رووسیا دەکەن، ئەگەر ئەو دوو وڵاتە بە خێرایی لە رێککەوتنی ئۆپێک پڵەس نەگەنە رێککەوتن کۆتایی بە جەنگی نرخی نێوانیان نەهێنن.

جیسون کێنی، سەرۆک وەزیرانی ئەلبێرتا، کە گەورەترین ناوچەی بەرهەمهێنانی نەوتە لە کەنەدا، بە رۆژنامەی فاینانشیاڵ تایمزی راگەیاندووە، لە بارەی سەپاندنی پێناسی گومرگی لەگەڵ واشنتن لە پەیوەندی دان.

هەروەها دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا داوای لە بەرهەمهێنەرە رکابەرەکانی نەوت کردووە، ئاستی بەرهەمهێنان بۆ نزیکەی 15 ملیۆن بەرمیل دابەزێنن، هاوکات رۆژی هەینیش رایگەیاند، سەپاندنی پێناسی گومرگی یەکێک دەبێت لە ئامرازەکان ئەگەر سعوودیە و رووسیا بە خێرایی ئاستی بەرهەمهێنان دابەزێنن، کە ئەوەش بووەتە هەڕەشە لەسەر پەیوەندی نێوان واشنتن و هاوپەیمانە سەرەکییەکەی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

کینی، هەروەها ئاماژەی بەودا " پێناسی گومرگی بۆ سەر هاوردەی نەوت بۆ ئەمەریکا باکوور لەگەڵ واشنتن توێژینەوەی لەسەر دەکرێت، تەنانەت ئاماژەی بەوەدا ئەلبێرتا کراوەیە بۆ بەشداریکردن لەگەڵ ئۆپێک بۆ کەمکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت.

هەروەها سۆنیا ساڤاج، وەزیری وزەی ئەلبێرتا رایگەیاند، لە کۆبوونەوەی داهاتووی ئۆپێک پڵەس کە بڕیارە هەفتەی ئایندە لە رێگەی ڤیدیۆ کۆنفڕانسەوە بەڕێوەبچێت بەشدار دەبن.

کەرتەکانی کەنەدا لە بارەی بەرهەمهێنانی نەوت سیاسەتێکی سەربەخۆیان هەیە، بەڵام سەپاندنی پێناسی گومرگی هاوبەش لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا پێویستی بە رەزامەندی فیدڕاڵی ئۆتاوا هەیە.

هەروەها بەرپرسانی ئەمەریکا جەختیان لەوە کردووەتەوە وەزارەتی وزە لە توێژینەوەدایە بۆ ئەوەی دڵنیا بێت تا چەند سەپاندنی پێناسی گومرگی رێگەیەکی بە سوود دەبێت بۆ ناچارکردنی سعوودیە و رووسیە.

کلیرڤیۆ ئێنێرجی پارتنەرز، کۆمپانیایەکی راوێژکارییە لە واشنتن دەڵێت، وا دەردەکەوێت ئەمەریکا ئاماژەی بە لایەنەکان دابێت بۆ کۆبوونەوەی ئۆپێک پڵەس لە هەفتەی داهاتوودا، هەڕەشەی سەپاندنی سزای لێکردبن وەک تۆڵە کردنەوە ئەگەر بە کەمکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنان پابەند نەبن.

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا هانی رووسیا و سعوودیەی داوە بگەنە رێککەوتن و لە 15% خستنەڕووی نەوت بۆ بازاڕی جیهان کەمبکەنەوە، بەڵام هەردوو وڵات تاوەکو ئێستا لە ناکۆکی دان، و بەوەش کۆبوونەوەی ئۆپێک پڵەسیان بۆ کاتێکی دیکە دواخست لە کاتێکدا بڕیاربوو سبەی دوو شەممە لە رێگەی ڤیدیۆ کۆنفڕانسەوە بەڕێوە بچێت.

هاوکات رۆژی هەینی ڤلادمیر پوتین، سەرۆکی رووسیا رایگەیاند، کەمکردنەوەی بەرهەمهێنانی 10 ملیۆن بەرمیل رۆژانە دەکرێت رێککەوتنی لەسەر بکرێت، بەڵام بەو مەرجەی سەرجەم بە بەرهەمهێنەرە سەرەکییەکان بەشدار بن لە رێککەونەکە بە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاشەوە، هاوکات هەڕەشەی ئەوەشی کرد کە دەتوانن بگەنە رێککەوتن بەڵام سعوودیە جەنگی دابەزاندنی نرخی هەڵگیرساند و ئامانجیشی زیان گەیاندن بوو بە پیشەسازی نەوتی لیتەیی ئەمریکا، ئەوەش وەک هەوڵێکی ئاشکرا دەبیندرێت بۆ  دروستکردنی ناکۆکی لە نێوان ریاز و واشنتن.

دوای ئەوەش راستەوخۆ شازادە فەیسەڵ بن فەرحان وەزیری دەرەوەی سعوودیە و شازادە عەبدولعەزیز بن سەلمان وەڵامیان دایەوە، کە ئەو گوتانەی پووتن دوورە لە راستیەوە و رووسیا راستییەکان دەشارێتەوە.

ئەگەری رێککەوتن نرخی نەوت لە رۆژانی پێنجشەممە و هەینی رابردوو بە نزیکەی لە 40% بەرزکردەوە، کە نرخی بەرمیلێک نەوتی خاوی برێنت لە 25 دۆلارەوە بۆ نزیکەی 34 دۆلار بەرزبووەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا نرخەکەی نیوەی ئەو نرخەیە لەسەرەتای ساڵدا مامەڵەی پێوەدەکرا.

نزمی ئەو نرخەش بووەتە هەڕەشە لەسەر داهاتووی بەرهەمهێنەرانی نەوتی لیتەیی ئەمەریکا و کەنەدا کە بەشێوەیەکی گشتی پێویستیان بە نرخێکە قازانجیان پێ بگەیەنێت.

ئەوەش وایکرد بەرهەمهێنەرە سەربەخۆکانی نەوتی خاوی ئەمەریکا، گوشار بخەنە سەر کۆشکی سپی بۆ ئەوەی رووسیا و سعوودیە ناچار بکات کۆتایی بە دابەزاندنی نرخی نەوت بهێنن، هاوکات پێشنیازیشیان کردووە سزای زۆر توند بەسەر وزەی رووسیادا بسەپێنن، و قەدەخەی هاوردەکردنی نەوت بکرێت، و پاڵاوگەی مۆتیڤا بە ئامانج بکرێت کە سعوودیە خاوەنداری دەکات.

بۆ ئەوەش دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا رۆژی هەینی ئاماژەی بەوەدا کە هاوکاری سەربازی بۆ سعوودیە رادەگرن، کاتێک گوتی" ئێمە هاوکاری سەربازی بۆ وڵاتان را رادەیەکی باش بە خۆڕایی پێشکەش دەکەین. ئەوان تەنانەت ئێمەشیان خۆش ناوێت".