واشنتن بەرەیەکی نوێی دژ بە ئێران دەکاتەوە

پۆمپیۆ لە پۆڵەندا دژایەتی ئێران دەکات

K24 – هه‌ولێر:

مایک پۆمپیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، ئەمڕۆ هەینی 11/01/2019 رایگەیاند، مانگی داهاتوو ئەمەریکا دیدارێکی جیهانی لەبارەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و رۆڵی ئێران سازدەکات.

لە لێدوانێکیدا بۆ فۆکس نیوز، پۆمپیۆ رایگەیاند: "لە 13 و 14ی مانگی داهاتوو- شوبات، واشنتن دیدارێک لە پۆڵەندا لەبارەی سەقامگیریی، ئاشتی و ئازادی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ساز دەکات".

ئاشکراشیکردووە: "یەکێک لە بابەتە گرنگەکان ئەوە دەبێت کە چۆن دڵنیا ببین ئێران سەقامگیری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ناشێوێنێت".

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا چەند رۆژێکە گەشتی بۆ چەند وڵاتێکی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەستپێکردووە و لەو چوارچێوەیەشدا، سەردانی هەولێر و بەغدای لە چوار شەممەی رابردوو 09/01/2019 کرد.

لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا بۆ چەند میدیاکارێکی بیانی لە شاری هەولێر، پۆمپیۆ رایگەیاندبوو، دەبێت هەمووان بەشدار بن لە رووبەڕووبوونەوەی ئێران.

لەوەڵامی سزاکانی سەریان، کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی دەڵێن، ئەمەریکا ئالوودەی ئابڵووقە بووە و لە سزاکانی بۆ سەر ئێرانیش ئامانجی برسیکردنی هاووڵاتیانە.

H.J