له ناوه‌ڕاستی ئه‌م مانگه دانوستانه چاره‌نووسسازه‌كانی نێوان ئه‌مه‌ریكا و عێراق ده‌ستپێده‌كه‌ن
K24- هه‌ولێر:
ئه‌مه‌ریكا كارنامه‌ی گرنگترین دۆسییه‌كانی دانوستانه چاوه‌ڕوانكراوه‌كانی له‌گه‌ڵ عێراق ئاشكرا كرد، كه بڕیاره له ناوه‌ڕاستی ئه‌م مانگه له به‌غدای پایته‌خت به‌ڕێوه بچن، دووپاتیشیكرده‌وه، نه‌ك ته‌نیا بواری ئه‌منی، به‌ڵكو دانوستانه‌كانی نێوانیان گشتگیره و پرسه‌كانی سیاسی، ئابووری، رۆشنبیری، فێركاری و زانستیش له‌خۆ ده‌گرن، به‌مه‌به‌ستی زاڵبوون به‌سه‌ر ئه‌و هه‌ڕه‌شانه‌ی له به‌رده‌م په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌ردوو وڵات‌دا هه‌ن، هه‌روه‌ها كاراكردنی به‌نده‌كانی رێكه‌وتنی ستراتیژی نێوانیان.
به‌گوێره‌ی ئاژانسی سپۆتنیك عه‌ره‌بی، ماتیۆ تۆله‌ر، باڵیۆزی ئه‌مه‌ریكا له عێراق رایگه‌یاندووه، "له رۆژانی داهاتوودا هاوكارانم له سه‌رجه‌م جومگه‌كانی نوێنه‌رایه‌تی ئه‌مه‌ریكا له عێراق پرسی چۆنیه‌تی كاراكردنی رێكه‌وتنی ستراتیژی له نێوان هه‌ردوو وڵات له‌بواره‌كانی ئابووری، سیاسی، رۆشنبیری، فێركاری و زانستی به چڕی تاوتوێ ده‌كه‌ن و له ته‌نیا بواری هاوكاری ئه‌منیدا كورتی ناكه‌نه‌وه"، ئاشكراشی كرد، "به‌دواداچوون و گفتوگۆی وردتر و زیاتر بۆ رێگه‌كانی پێشكه‌شكردنی هاوكارییه‌كانی ئاژانسی ئه‌مه‌ریكی بۆ گه‌شه‌پێدانی نێوده‌وڵه‌تی ده‌كه‌ن، كه ئامانج لێی پێشكه‌شكردنی هاوكاری مرۆیی و چه‌سپاندنی سه‌قامگیرییه بۆ ملیۆنان عێراقی، كه مه‌ترسی له‌سه‌ر ژیانیان هه‌یه".
پێشتریش مایك پۆ‌مپێیۆ، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا له 7ی نیسانی رابردوو داوای گفتوگۆی ستراتیژی نێوان عێراق و ئه‌مه‌ریكای كردبوو، بۆ تاوتوێكردنی ئاینده‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌ردوو وڵات.
به‌گوێره‌ی زانیارییه‌كانیش، دانوستانه‌كانی نێوان هه‌ردوو لا، زنجیره‌یه‌ك كۆبوونه‌وه‌ی چڕ و پڕ له نێوان گه‌وره به‌رپرسانی هه‌ردوو وڵات له‌خۆ ده‌گرن و ته‌واوی بواره‌كانی په‌یوه‌ندییه‌كان ده‌خرێنه سه‌ر مێزی گفتوگۆ.
هه‌ر سه‌باره‌ت به‌م بابه‌ته‌ش، تارق حه‌رب، شرۆڤه‌كاری سیاسی و شاره‌زای بواری یاسایی عێراقی ده‌ڵێت: "عێراق ده‌توانێت به باشترین ئه‌نجام له دانوستانه ستراتیژییه‌كانی له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ریكا ده‌ربچێت، چونكه واشنتن ترسی ئه‌وه‌ی هه‌یه، كه ئه‌گه‌ر داواكارییه‌كانی عێراق جێبه‌جێ نه‌كات، ئه‌وا عێراق ناچاره روو له میحوه‌ری ئێران بكات"، ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، "تیمی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق د‌رك به‌و به‌رژه‌وه‌ندییانه‌ی وڵاته‌كه‌یان ده‌كه‌ن، كه پێویسته له ئه‌مه‌ریكا به‌ده‌ست بهێنرێن".
تارق حه‌رب رونیشی كرده‌وه، "عێراق ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌و رێكه‌وتنه ستراتیژیه‌ی له ساڵی 2008 له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ریكا واژۆی كردووه، كه تا ئێستاش به‌رده‌وامه"، دووپاتیشی كرده‌وه، "ئه‌و رێكه‌وتنێكی باشه و زۆرێك له مافه‌كانی عێراق و پابه‌ندبوونه‌كانی واشنتن به‌رامبه‌ر به‌غدا له رووی ئابووری، ئه‌منی، یاسایی، فێركاری و ته‌ندروستی له‌خۆ ده‌گرێت"، به گوته‌ی خۆی، "ئه‌مه‌ریكا تا ئێستا ته‌نیا لایه‌نه ئه‌منییه‌كه‌ی جێبه‌جێ كردووه".
له لایه‌كی دیكه‌وه تایبه‌ت به ده‌ستكه‌وته ئابوورییه‌كان بۆ عێراق له‌و دانوستانانه‌دا، عه‌بدولڕه‌حمان مه‌شهه‌دانی، مامۆستای زانكۆی به‌غدا گوتی: "لایه‌نی عێراقی هێشتا ئاماده‌كارییه‌كانی بۆ ئه‌و دانوستانانه ته‌واو نه‌كردووه"، وه‌ك ئاماژه‌ی پێدا، "لایه‌نی ئه‌مه‌ریكی ئاماده‌یی خۆی بۆ دانوستانه‌كان بۆ ئه‌وه راگه‌یاندووه، بۆ ئه‌وه‌ی كارئاسانی بۆ عێراق بكات، تاوه‌كو بتوانێت قه‌رز وه‌رگرێت و كورتهێنانی بودجه‌ی گشتی خۆی پێ پڕ بكاته‌وه و كاری كۆمپانیاكانی ئه‌مه‌ریكی له بواری وزه له عێراق ئاسان بكات، وێڕای ره‌وایه‌تیدان به واژۆكردنی گرێبه‌سته‌كان له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی كاره‌با، به‌تایبه‌ت ئه‌وانه‌ی په‌وه‌ستن به كۆمپانیای جه‌نه‌راڵ ئه‌لیكتریك"، گوتیشی: "هه‌رچی بواره‌كانی دیكه‌شه، وه‌ك: كه‌رتی كشتوكاڵ و پیشه‌سازی زۆر جێگای گرنگیپێدانی لایه‌نی ئه‌مه‌ریكی نن".
هه‌ر تایبه‌ت به دانوستانه چاوه‌ڕوانكراوه‌كانی نێوان به‌غدا و واشنتن، تارق فه‌همی، مامۆستای زانسته سیاسییه‌كان له زانكۆی ئه‌مه‌ریكی گوتی: "ئه‌مه‌ریكا حیساب و رێكاری تایبه‌تی هه‌یه، كه په‌یوه‌ستن به دووباره رێكخستنه‌وه‌ی ئه‌وله‌ویاته‌كانی له عێراق و ناوچه‌ی كه‌نداو به گشتی"، ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، "لێدوانی به‌رپرسانی واشنتن ئاماژه‌یه‌كن بۆ ئه‌وه‌ی، كه قۆناغێكی دیكه‌ی هاوكاری سه‌ربازی و ستراتیژی و هه‌وڵی درووستكردنی شه‌راكه‌تێكی سیاسی و ئابووری له نێوان به‌غدا و واشنتن ده‌ستپێ ده‌كات".
ئه‌مه له‌كاتێكدایه، به‌ر له ئێستا چه‌ندین جار ئه‌مه‌ریكا دووپاتی كردووه‌ته‌وه، ئه‌گه‌ر عێراق له‌ژێر هه‌ژموونی ئێران نه‌یه‌ته ده‌ره‌وه، ئه‌وا ته‌واوی هێزه‌كانی له‌و وڵاته ده‌كێشێته‌وه و سزای ئابووریش به‌سه‌ریدا ده‌سه‌پێنێت.
H.B