به ڤیدیۆ.. نوێنه‌ری پێكهاته نه‌ته‌وه‌ییه‌كان به زمانی خۆیان پیرۆزبایی كاراكردنه‌وه‌ی په‌رله‌مان ده‌كه‌ن
K24 - هه‌ولێر:
نوێنه‌رانی پێكهاته نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی كوردستان، وه‌كو نوێنه‌ری ئه‌رمه‌نی و گه‌لی كلدۆ ئاشووری و پێكهاته‌ی توركمان، له دانیشتنی نائاسایی ئه‌مڕۆی په‌رله‌مان، به زمانی خۆیان پیرۆزبایی كاراكردنه‌وه‌ی په‌رله‌مانییان كرد.
یروانت نیسان ماركۆس به‌ترۆس، نوێنه‌ری ئه‌رمه‌نه‌كانی كوردستان له په‌رله‌مان، به‌زمانی ئه‌رمه‌نی پیرۆزبایی كاراكردنه‌وه‌ی په‌رله‌مانی كرد و هیوای سه‌ركه‌وتنی ریفراندۆمی سه‌ربه‌خۆیی خواست.
له باره‌ی هۆكاری ئاراسته‌كردنی ئه‌و پیرۆزباییه به زمانی ئه‌رمه‌نی، كه بۆ یه‌كه‌مجاره له په‌رله‌مانی كوردستان ئه‌و زمانه قسه‌ی پێ بكرێت، رایگه‌یاند، كوردستان به‌ره‌و ده‌وڵه‌تێكی مه‌ده‌نی و فیدرالی هه‌نگاو ده‌نێت بۆیه حه‌زم كرد به زمانی ئه‌رمه‌نی ئه‌و پرۆزباییه ئاراسته بكه‌م.
هه‌روه‌ها وه‌حیده یاقۆ، له فراكسیۆنی گه‌لی كلدانی سریانی ئاشووری، به هه‌مان شێوه، به زمانی سریانی پیرۆزبایی ئاراسته‌ی ته‌واوی پێكهاته نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی كوردستان كرد.
هه‌ریه‌ك له محه‌مه‌د سه‌عده‌دین و مونا قه‌هوه‌چی، له پێكهاته‌ی توركمانه‌كان، ئاماژه‌یان به‌وه كرد، ئه‌زموونی پێكه‌وه‌ژیان له هه‌رێمی كوردستان وایكردووه پاڵپشتی ریفراندۆمی سه‌ربه‌خۆیی بكه‌ین و به‌ره‌و ده‌وڵه‌تێكی مه‌ده‌نی، كه جێگه‌ی هه‌موو پێكهاته‌كانی تێدا ده‌بێته‌وه، هه‌نگاو ده‌نێین.
شێخ شامۆ، نوێنه‌ری ئێزدییه‌كانیش پاڵپشتی خۆی بۆ سه‌ربه‌خۆیی كوردستان راگه‌یاند و ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، ئه‌زموونێكی تاڵمان له‌گه‌ڵ عێراق هه‌یه و ته‌نها به ریفراندۆم مافه‌كانمان زامن ده‌بێت.
هه‌روه‌ها گوتی: "ریفراندۆم كلیلی چاره‌سه‌ری ئێش و ژانی ئێمه‌یه".