ژنێکی کورد لە بەریتانیا کوژرا

خاوەنی چوار منداڵە و لە ماڵەکەی کوژرارە

K24 – هه‌ولێر:
ژنێکی کورد بە ناوی ئاڤان نەجمەدین لە شارۆچکەی فێنتۆن سەر بە شاری ستۆک ئۆن ترێنتی بەریتانیا، لەلایەن چەند کەسێکەوە هێرشدەکرێتە سەری و بە مشتەکۆڵە دەکوژرێت.

ئاڤانی تەمەن 32 ساڵ خاوەنی چوار کوڕبووە و تەمەنی کوڕەکانیشی لە نێوان 4 بۆ 11 ساڵانبوون، دوای ئەوەی دوو لە منداڵەکانی لە قوتابخانە تەواو دەبن و کەس ناچێت بەشوێنیاندا، مەترسی ئەوە دروست دەبێت کە ئاڤان شتێکی بەسەر هاتبێت.

بەگوێرەی هەواڵێکی رۆژنامەی میترۆ، تاکو ئێستا هۆکاری کوشتنی ئەو کچە کوردە نازاندرێت، بەڵام پۆلیسی شارەکە سێ کەسی بە تۆمەتی کوشتنی ئاڤان دەستگیرکردووە.

ئاڤان رۆژی سێشەممە لە ماڵەکەی خۆیدا کوژراوە و پۆلیسیش داوا لە هاووڵاتیان دەکات هەر کەسێک زانیاری لەبارەی قوربانییەکە هەیە سەردانی بنکەکانی پۆلیس بکات.

ڤیکتۆریا دۆونینگ، لێکۆڵەری باڵای شارەکە، لەبارەی رووداوەکە رایگەیاندووە: "لێکۆڵینەوە بەردەوامە لەسەر کوشتنی تراژیدیایانەی ئاڤان و داوامان لە هەر خاوەن ئۆتۆمبێلێک کردووە، ئەوانە کامێرایان بە داشبۆردەکانیان بەستووە و لە چەند رۆژی رابردوو سەردانی گەڕەکی گلێبێدەیلییان کردووە، زانیاریمان پێبدەن".

ئەو سێ کەسەی دەستگیرکراون، دوانیان خەڵکی شاری ویگن و لیڤەرپوولن و تەمەنیان 33 ساڵە، دوای 36 کاتژمێر لە دەستگیرکردنی ئەم دوو گومان لێکراوە و لە رۆژی چوارشەممە کەسێکی دیکە کە تەمەن 35 ساڵە و خەڵکی شاری ویگنە بەتۆمەتی کوشتنی ئاڤان دەستگیرکراوە.

H.J