به‌رله‌وه‌ی ئه‌نجامی ئه‌زموونه‌كان رابگه‌یه‌ندرێن تێنووسی ئه‌زموونه‌كانی پۆلی 12 سووتان

كۆگاكانی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ گڕیانگرت و تێنووسی پۆلی 12ی ئاماده‌ییش له‌ناویان سووتان

K24- هه‌ولێر:

به‌گوێره‌ی میدیا عێراقییه‌كان، ئاگرێكی گه‌وره‌ له‌ كۆگاكانی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ی عێراق به‌ربووه‌، كه‌ ته‌واوی تێنووسی ئه‌زموونه‌كانی پۆلی 12 ئاماده‌یی تێدا هه‌ڵگیراون و هێشتا ئه‌نجامه‌كانی تاقیكردنه‌وه‌ی وه‌زاریش رانه‌گه‌یه‌ندراون.

له‌مباره‌یه‌وه‌ سایتی "به‌غداد پۆست" بڵاویكرده‌وه‌، ئاگرێكی گه‌وره‌ له‌و كۆگایانه‌ی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ به‌ربووه‌، كه‌ تێنووسی ئه‌زموونه‌كانی پۆلی 12 ئاماده‌یی سه‌رجه‌م پارێزگاكانی باشوور و ناوه‌ڕاستی عێراق به‌ هه‌ردوو لقه‌كانی زانستی و وێژه‌یی تێدا هه‌ڵگیراون.

وه‌ك ئاماژه‌شی پێكرد، هه‌رچه‌نده‌ ئاگره‌كه‌ زۆر گه‌وره‌یه‌ به‌ڵام تیمه‌كانی به‌رگری شارستانی سه‌رقاڵی كۆنترۆڵكردنی ئاگره‌كه‌ن.

پێشتریش له‌ شاری به‌غدا ئاگرێكی گه‌وره‌ له‌و كۆگایانه‌ به‌ربوو، كه‌ سندووقه‌كانی ده‌نگدانی پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنی زۆربه‌ی پارێزگاكانی عێراقی تێدا هه‌ڵگیرابوون.

H.B