کیم لە کوێیە؟

ئایا سەرۆکی کۆریای باکوور مردووە

K24 – هه‌ولێر:

کیم جۆن ئون، سەرۆکی کۆریای باکوور بە تەواوی نادیارە و لە یادی نیشتمانی دامەزراندنی سوپای وڵاتەکەی کە ئەمڕۆ بەڕێوەدەچێت بەشداریی ناکات.

پێشتر تەلەڤزیۆنی هۆنگکۆنگ بڵاویکردبووەوە، کیم مردووە، بەڵام ئەمەریکا ئەم هەواڵەی پشتڕاستنەکردەوە.

شەوی رابردوو، شاندێکی باڵای تەندروستی چین چوونە کۆریای باکوور تاوەکو لە دۆخی تەندروستی کیم بکۆڵنەوە.

بەگوێرەی راپۆرتە میدیاییەکان، کیم لە 11ـی نیسان بە تەواوی دوورکەوتووەتەوە و لە شوێنە گشتییەکان دەرنەکەوتووە، هەروەها لە 12ـی نیسان بە نهێنی نەشتەرگەری دڵی بۆ کراوە و کە پێدەچێت، رۆژێک دوای دیارنەمانی، نەشتەرگەریی بۆ کرابێت.

رۆژنامەی نیوزویک لە زاری بەرپرسێکی ئەمەریکی بڵاویکردەوە، سوپای کۆریا نەخراوەتە حاڵەتی ئامادەباشی ئەمەش رەنگە بەڵگەی ئەوە بێت، هێشتا کیم گیانی لەدەست نەداوە، بەڵکو تەنها نەخۆشە.

بەگوێرەی میدیاکانی کۆریای باشووریش، کیم زیندووە و بەم نزیکانە دەردەکەوێتەوە.