محەمەد سەڵاح لەبەر یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگ ئامادە نییە رۆژووەکەی بشکێنێت

سەڵاح 45 خولەک پێش دەستپێکردنی یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگ بەربانگ دەکاتەوە

محەمەد سەڵاحی هێرشبەری میسری یانەی لیڤەرپوولی ئینگلیزی رەتیدەکاتەوە لەبەر یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگ رۆژووەکەی بشکێنێت.
رۆژنامەی (میسری ئەلیەوم) ئاشکرایکردووە، محەمەد سەڵاح بەنیاز نییە رۆژی شەممە بەڕۆژوو نەبێت، بەڵکو ئەو هێرشبەرە موسڵمانە بڕیاری داوە رۆژی شەممەش کە دەکاتە رۆژی یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگ بەڕۆژوو بێت، چونکە بەگوێرەی رۆژنامە میسرییەکە سەڵاح پێییوایە سەرکەوتنەکانی بەهۆی ئەوەیە خودای لەخۆی رازیکردووە، بۆیە دەیەوێت لەم رەمەزانە هیچ رۆژێکی نەفەوتێنێت.
رۆژی شەممە لە کیێڤ لە ئۆکراینا فایناڵی چامپیۆنزلیگ لە نێوان ریال مەدرید و لیڤەرپوول بەڕێوە دەچێت و کاتژمێر 21:45 بە کاتی هەولێر یارییەکە دەستپێدەکات و تەنیا 45 خولەک پێش دەستپێکردنی یارییەکە سەڵاح بەربانگ دەکاتەوە و پێویستە 18 کاتژمێر بەڕۆژوو بێت.