"ئامانجی هێرشەکانی دوێنێ شەو کۆگایەکی چەکی ئێران بووە"
K24 – ههولێر:
شەوی رابردوو چەند مووشەکێک ئاراستەی چەند ناوچەیەکی نزیک لە فڕۆکەخانەی دیمەشقکرا و زۆرێکیش لەو مووشەکانە لەلایەن یەکەی بەرگری ئاسمانی سوپای سووریا پێش گەشتنە ئامانجەکانیان پووچەڵکرانەوە.
بەگوێرەی هەواڵێکی سایتی هاریتز، رامی عەبدولرەحمان، سەرۆکی رێکخراوی روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ، ئامانجی ئەو "هێرشەی ئیسرائیلی " ئاشکراکردووە و دەڵێت: "ئامانجی مووشەکەکان کۆگایەکی چەکی ئێرانبوون کە کۆماری ئیسلامی چەک و تەقەمەنی نوێی بۆ گواستبونەوە لە نزیک فڕۆکەخانەی دیمەشق".
رامی پێشی وایە ئەو کۆگایە تایبەتە بەو چەک و تەقەمەنیانەی کە هێزەکانی ئێران و حزبوڵا لە جەنگی سووریا بەکاری دەهێنن.
هەر لە سەرەتای ئەم مانگە، تەلەڤزیۆنی فەرمی رژێمی سووریا، هێرشی چەند فڕۆکەیەکی ئیسرائیلی بۆ چەند ناوچەیەکی شاری حەما و پێگەکانی ئێران لەو ناوچەیە راگەیاندبوو.
تاکو ئێستا دەوڵەتی ئیسرائیل هیچ لێدوانێکی فەرمی لەبارەی ئەو هێرشانە دوێنەوە شەوەوە نەداوە.
H.J