پارتی گفتوگۆكانی بۆ پێكھێنانی حكوومەت دەستپێكرد

كۆبوونەوەی پارتی و یەكێتی لە سلێمانی دەستیپێكرد

K24 - سلێمانی

ئەمڕۆ شاندێكی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ گفتوگۆكردن لەبارەی پێكھێانی حكوومەت لەگەڵ لایەنەكان گەیشتە سلێمانی و لە دەستپێكدا لەگەڵ شاندێكی یەكێتی كۆبوونەوە.

پەیامنێری كوردستان24 لە سلێمانی رایگەیاند: "كەمێك لەمەوبەر كۆبوونەوەی شاندی پارتی و یەكێتی لە بارەگای مەكتەبی سیاسی یەكێتی لە سلێمانی دەستیپێكرد".

گوتیشی: "بڕیارە دوای یەكێتی شاندی پارتی سەردانی مەكۆی سەرەكی گۆڕان لە گردی زەرگەتە بكات و لەگەڵ شاندێكی ئەو حزبە كۆببێتەوە".

لەبارەی داواكانی یەكێتی بۆ وەرگرتنی پۆست لە كابینەی نوێی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان، لەتیف نێروەیی، وتەبێژی ئەنجوومەنی ناوەندی یەكێتی بە كوردستان24 راگەیاند: "یەكێتی بە فەرمی رایگەیاندووە، كە داوای پۆستی سەرۆكی پەرلەمان و جێگری سەرۆكی حكوومەت دەكات".

شاندی پارتی دیموكراتی كوردستان كە پێكدێت لە ئازاد بەرواری، جەعفەر ئیمینكی، مەحموود محەمەد، ھێمن ھەورامی و ئومێد سەباح، بڕیارە لە رۆژانی داھاتوودا گفتوگۆ لەگەڵ لایەنەكانی دیكەش بكەن.

ھ.م