سه‌در مه‌رجێك بۆ ویلایه‌تی دووه‌می عه‌بادی داده‌نێت
K24 - هه‌ولێر:
سه‌رچاوه عێراقییه‌كان بڵاوییانكردووه‌ته‌وه، موقته‌دا سه‌در، رێبه‌ری ره‌وتی سه‌در و سه‌رۆكی هاوپه‌یمانی سائیرون، كه لیسته‌كه‌ی یه‌كه‌می عێراقه له هه‌ڵبژاردن، مه‌رج بۆ حه‌یده‌ر عه‌بادی داده‌نێت بۆ وه‌رگرتنه‌وه‌ی ویلایه‌تی دووه‌می سه‌رۆك وه‌زیران.
به گوێره‌ی وێبسایتی سكای نیوز، سه‌رچاوه‌كان ئاماژه به‌وه ده‌كه‌ن، مه‌رجه‌كه‌ی سه‌در بۆ عه‌بادی، وازهێنانییه‌تی له حزبی ده‌عوه كه نووری مالیكی سه‌رۆكایه‌تی ده‌كات و به یه‌كێك له "دیارترین پیاوانی ئێران له عێراق" داده‌نرێت.
دوای كۆبوونه‌وه‌ی نێوان سه‌در و عه‌بادی، سه‌رچاوه‌كان له ره‌وتی سه‌دره‌وه رایده‌گه‌یه‌نن "سه‌در رازیبووه به‌وه‌ی عه‌بادی بۆ ویلایه‌تی دووه‌م ببێته‌وه سه‌رۆك وه‌زیران، به‌و مه‌رجه‌ی له حزبی ده‌عوه بێته ده‌ره‌وه".
رازیبوونی سه‌در به‌و مه‌رجه له كاتێكدایه، هه‌وڵێك بۆ یه‌كگرتنه‌وه‌ی هه‌ردوو باڵه‌كه‌ی مالیكی و عه‌بادی له ناو حزبی ده‌عوه هه‌یه، بۆ ئه‌وه‌ی به‌لای كه‌مه‌وه پۆستی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق بۆ یه‌كێك له كه‌سایه‌تییه‌كانی ناو حزبی ده‌عوه بێت.
عه‌بادی له دوای كۆبوونه‌وه‌كه‌ی له‌گه‌ڵ سه‌در رایگه‌یاند، ئامانجی كۆبوونه‌وه‌كه‌یان بۆ كاركردنه له پێناو خێراتركردنی پێكهێنانی حكوومه‌تی نوێ، بۆ ئه‌وه‌ی حكوومه‌تی داهاتوو به‌هێزبێت و بتوانێت خزمه‌تگوزاری و ده‌رفه‌تی كار پێشكه‌ش بكات و گوزه‌ران و ژیانی خه‌ڵكی باشتربێت.
سه‌رچاوه‌كان له زاری سه‌دره‌وه ئاماژه به‌وه‌ده‌كه‌ن، رێبه‌ری ئه‌و ره‌وته رایگه‌یاندووه، ده‌ستییان بۆ هه‌موو ئه‌و هێز و لایه‌نانه درێژكردووه كه ده‌یانه‌وێت وڵات بنیاتبنێن و خاوه‌ن بڕیاری عێراقی بن، دووپاتیشی له خێراكردنی هه‌نگاوه‌كانی پێكهێنانی حكوومه‌ت كردووه‌ته‌وه.
هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی بۆ خوولی چواره‌می ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، رۆژی 12ی ئایار ئه‌نجامدرا و به گوێره‌ی ئه‌نجامی كۆتایی كه كۆمیسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كان بڵاویكردووه‌ته‌وه. لیستی سائیرونی سه‌در یه‌كه‌مه و لیستی دووه‌میش هاوپه‌یمانی فه‌تحی هادی عامریش له پله‌ی دووه‌مه،
لیسته‌كه‌ی عه‌بادییش، كه سه‌رۆك وه‌زیران بووه به پله‌ی سێه‌م دێت و لیستی پارتی دیموكراتی كوردستانیش له پله‌ی چواره‌م دێت، لیستی ده‌وڵه‌تی یاسای نووری مالیكیش له پله‌ی پێنجه‌م دێت.
ا. م