سه‌در له‌ عه‌بادی نزیكه‌ و نابێته‌ هاوپه‌یمانی عامری و مالیكی

"سائیروون و نه‌سر و پارتی و نیشتیمانی عه‌لاوی و یه‌كێتی له‌ پێكهێنانی هاوپه‌یمانێتی نزیكن"

K24 - هه‌ولێر:

سه‌رچاوه‌یه‌ك له‌ ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 24/5/2018 رایگه‌یاند: "موقته‌دا سه‌در رێبه‌ری ره‌وتی سه‌در، بۆ پێكهێنانی حكومه‌تی نوێی عێراق، هاوپه‌یمانێتی له‌گه‌ڵ نووری مالیكی سه‌رۆكی هاوپه‌یمانێتی ده‌وڵه‌تی یاسا و هادی عامری سه‌رۆكی هاوپه‌یمانێتی فه‌تح نابه‌ستێت".

به‌گوێره‌ی زانیارییه‌كانی سه‌رچاوه‌ په‌رله‌مانییه‌كه‌ كه‌ قسه‌ی بۆ ئاژانسی سپوتنیكی رووسی كردووه‌، ئه‌و قه‌وارانه‌ی نزیكبوونه‌وه‌ له‌ نێوانیاندا روویداوه‌، هاوپه‌یمانێتی سائیروون و نه‌سری عه‌بادییه‌ و لیستی پارتی دیموكراتی كوردستانی بۆ زیاد ده‌بێت و له‌وانه‌شه‌ كوتله‌كه‌ی عه‌لاویش بچێته‌ پاڵیان و دواتریش یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان و ئه‌گه‌ری زۆره‌ ئه‌و قه‌وارانه‌ پێكه‌وه‌ كوتله‌ گه‌وره‌كه‌ی په‌رله‌مان درووست بكه‌ن و سه‌رۆكوه‌زیران بۆ پێكهێنانی حكومه‌تی نوێ دیاری بكه‌ن".

سه‌رچاوه‌كه‌ به‌ دووری زانیووه‌ سائیروون هیچ هاوپه‌یمانێتییه‌ك له‌گه‌ڵ هاوپه‌یمانێتییه‌كه‌ی مالیكی و هادی عامری ببه‌ستێت و گوتوویه‌تی: "هاوپه‌یمانێتییه‌كه‌ی عه‌بادی زۆر نزیكتره‌ له‌ سائیروون".

سائیروون خاوه‌نی 54 كورسییه‌ و فه‌تح 47 كورسی و نه‌سری عه‌بادی 42 كورسی و ده‌وڵه‌تی یاسای نووری مالیكی 26 كورسی و پارتی دیموكراتی كوردستان 25 كورسی مسۆگه‌ر و ئه‌گه‌ری زیادبوونیشی هه‌یه‌، كوتله‌ی عه‌لاویش خاوه‌نی 23 كورسییه‌ و یه‌كێتیش 18 كورسی.