محەمەد کەمال: یەکێتی کێشەی کاندیدی هەیە بۆ پارێزگای کەرکووک
K24 – ههولێر:
محەمەد کەمال، سەرۆکی لیستی برایەتی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک هۆکاری ئەنجامنەدانی کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئاشکرا دەکات.
محەمەد کەمال لەبارەی هۆکاری دواخستنی کۆبوونەوەکە بە کوردستان24ی راگەیاند: "برادەرانی یەکێتی گووتیان لەلایەن مەکتەبی سیاسییەوە تەعلیماتمان پێ نەدراوە، ئێمەش بڕیارماندا کۆبوونەوەکە دوا بخەین".
دەشڵێت: "من بڕوام وایە یەکێتی خۆی کێشەی لەسەر کاندیدەکانی هەیە دەنا لە 05/02 ئێمە رێککەوتنێکی باشمان لەگەڵ یەکێتی کرد".
لە بارەی شوێنی کۆبوونەوەکە، محەمەد کەمال رایگەیاند: "شوێنەکە هیچ کێشییەکی نییە و تا ئاساییکردنەوەی بارودۆخی کەرکووک، ئاساییە لە دەرەوەی کەرکووک ئەنجام بدرێت".
رەخنەش دەگرێت و دەڵێت: "برادەران وادەزانن کوێخایەک بۆ گوندێک دادەنێت، دەبێت ئەنجوومەن کۆببێتەوە بۆ دانانی پارێزگار، ئەگەر یەکێتی دەیەوێت نەجمەدین کەریم وازبهێنێ، دەبێت هۆکارەکان پێشکەش بکەن".
بڕیار بوو ئەمڕۆ دووشەمە 18/02/2019، بەپێی خشتەیەک کە پێشتر لە سەرۆکایەتی ئەنجوومەنەوە بۆ ئەندامەکان نێردرابوو، کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک ئەنجامبدرێت، بەڵام بەهۆی نەهاتنە پێشەوەی یەکێتی، کۆبوونەوەکە ئەنجام نەدرا.