کلۆپ: لە کاریۆسی گۆڵپارێز بپرسن ئەو دەزانێت بۆچی دۆڕاین

زیدان: گۆڵەکەی بەیل لە گۆڵەکەی من و کریستیانۆ جوانتر بوو

دوای یارییەکە زیدان گۆڵەکەی گاریس بەیل بە بەراورد بە گۆڵەکەی ئەم وەرزەی کریستیانۆ رۆناڵدۆ و گۆڵەکەی خۆی بە جوانتر دانا و نهێنی قسەکانی پێش یارییەکەی بۆ یاریزانەکانی درکاند و یۆرگن کلۆپیش لەبارەی شکستەکەیان گوتی لە کاریۆسی گۆڵپارێزمان بپرسن ئەو دەزانێت چی روویدا و لەبارەی پێکانەکەی سەڵاحیش هەواڵی ناخۆشی بە میسرییەکان دا.

زینەدین زیدان، راهێنەری ریال مەدریدی ئیسپانی
زۆر دڵخۆشم، نازانم چیتان پێبڵێم هەرگیز باوەڕم نەدەکرد رۆژێک لە رۆژان سێ نازناوی چامپیۆنزلیگ بەمشیوەیە بەدەست بهێنم،
پێش یارییەکە بە یاریزانەکانم گوت بردنەوەکانی پێشتر لەبیر بکەن، تەنیا بیر لەم یارییە بکەنەوە و بۆ ئەم یارییە بجەنگن، چونکە ئەم ساتانە دووبارە نابنەوە.
من ناتوانم لە نێوان گۆڵەکەی ئەمشەوی گاریس بەیل و گۆڵەکەی کریستیانۆ رۆناڵۆ بەرامبەر یۆڤێنتۆس و گۆڵەکەی خۆم بەرامبەر بایر لیڤەرکوزن جوانترین گٶل دەستنیشان بکەم ئێستا هەر سێ گۆڵ بوونە بەشێک لە مێژوو، بەڵام هەمیشە دوایین گۆڵ گرنگترە، بۆیە دەتوانم بڵێم گۆڵەکەی گاریس بەیل جوانترین بوو.
من پێشتریش لەبارەی کریستیانۆ رۆناڵدۆ قسەی خۆم کردووە، ئەو بەشێکە لە ریال مەدرید و حەز دەکەم بمێنێتەوە، چونکە هەموومان دەبینین چی بۆ یانەکە دەکات، پێویستە بمێنێتەوە، بەڵام دواتر ئێمە بۆمان روون دەبێتەوە کە چی روودەدات، بەڵام ئەگەر لە من دەپرسن ئەوا من پێتان دەڵێم ئەو بەبێ هیچ گومانێک دەمێنێتەوە.

یۆرگن کلۆپ، راهێنەری لیڤەرپوولی ئینگلیزی
لە کاریۆس بپرسن ئەوا دەزانێت چی روویدا، هەموومان دەزانین چی روویدا، بەداخەوە کوڕێکی وا باش لە کاتێکی وا هەڵەیەکی کوشندەی کرد، هەڵەی گۆڵی سێیەمی لە ژێر کاریگەری گۆڵی یەکەمی کرد، دوای پێکانەکەی محەمەد سەڵاح ئێمە لێدانێکی کوشندەم بەرکەوت، ئەگینا ئێمە باشی دەستمان بە یارییەکە کرد.
من پێشتر چەندان یاریم بردووەتەوە و چەندان یاریشم دۆڕاندووە، من دەزانم چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەم دۆخانە دەکەم، بەڵام ناتوانم هەستی خۆشم بشارمەوە، ئێمە هەست بە دڵتەنگی و بێهیوایی دەکەین، ئێمە دەگەڕێینەوە شارەکەمان لە کاتێکدا گەشتێکی خۆشمان نەکردووە، پێویستە ئەم دۆڕانە قسبووڵ بکەین، ئەوەی لە دەستمان هات کردمان، بە هیچ شێوەیەک لە ئامادەکاری بۆ ئەم یارییە کەمتەرخەمیمان نەکرد، بەڵام ئەمە یاریی تۆپی پێیە و هەموو شتێکی تیادا روودەدات، ئێمە تەنیا یارییەکەمان نەدۆڕاند، بەڵکو یاریزانێکی گرنگی وەکو محەمەد سەڵاحیشمان لەدەستدا، لەوانەیە بەشداریی مۆندیالیش نەکات، من نازانم راددەی پێکانەکەی چەندە، بەڵام هیوادارم بتوانێت بەشداریی مۆندیال بکات هەرچەندە هەواڵەکان لەبارەی پێکانەکەی خۆش نین.