یەکێتی هەڵوێستی خۆی لەبارەی ئەنجامی هەڵبژاردنەکان راگەیاند

یەکێتی دەرگاکان دەکاتەوە

K24 – هه‌ولێر:

سەعدی ئەحمەد پیرە، گوتەبێژی فەرمی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان، هەڵوێستی فەرمی یەکێتی لەبارەی ئەنجامی هەڵبژاردنەکان راگەیاند و دەرگای یەکێتی بە رووی گفتوگۆکانی پێکهێنانی حکوومەتی داهاتووی کوردستان کردەوە.

لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا، سەعدی ئەحمەد پیرە رایگەیاند: "لەسەر بنەمای بەرژەوەندی گشتی رازی بووین بە راگەیاندنی ئەنجامەکانی هەڵبژاردن".

گووتیشی: " لە بەیانییەوە، دەرگامان بۆ گفتوگۆی پێکهێنانی حکوومەت کراوە دەبێت".

لەبارەی یەکڕیزی کورد لە بەغدا، سەعدی پیرە رایگەیاند: "زۆر گرنگە پارتە کوردییەکان یەک دەنگ بن لە بەغدا، بەتایبەت پارتی و یەکێتی  و گۆڕان چونکە بێ یەکدەنگی ناتوانین تەواوی ئامانجەکانمان بەدەستبهێنین".

لە وەڵامی ئەوەی ئایا پارتی بە گوێرەی کورسییەکانی مامەڵە لەگەڵ یەکێتی دەکات، گوتەبێژی یەکێتی گووتی: "ئەو لێدوانانە لە کاتی بوونی ناکۆکی و بانگەشە بووە لە نێوان یەکێتی و پارتی، پشکی یەکێتی لە رێگای کۆبوونەوەکان دیاری دەکرێت".

کاتژمێر 12ی دوێنێ شەو، کۆمسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی کوردستان، ئەنجامی فەرمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانی راگەیاند و بەگوێرەی ئەنجامەکانیش، پارتی دیموکراتی کوردستان پلەی یەکەمی هەیە و هەر یەک لە یەکێتی نیشتیمانی کوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان بە پلەی دووەم و سێهەم دێن.

H.J