ئه‌گه‌ر میلانیا جیابێته‌وه تره‌مپ له ئه‌مه‌ریكا ده‌ریده‌كات
K24 - هه‌ولێر:
دۆناڵد تره‌مپ، سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا، هه‌وڵده‌دات میلانیای هاوسه‌ری له ئه‌مه‌ریكا ده‌ربكات، ئه‌گه‌ر بێت و لێی جیابێته‌وه و ئه‌ویش هێشتا له پۆستی سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكادا بێت.
ئۆماسۆرا مانیگۆلت نیومان، راوێژكاری پێشووی تره‌مپ، كه ساڵی رابردوو له كۆشكی سپی ده‌ركرا، له كتێبێكی خۆیدا، تره‌مپ به كه‌سێكی "تۆڵه‌سه‌نێره‌وه" وه‌سف ده‌كات و رایده‌گه‌یه‌نێت، ئه‌گه‌ر میلانیا بیه‌وێت هه‌وڵی جیابوونه‌وه بدات و ئه‌ویش هێشتا له پۆستی سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا، به‌بێ هیچ دوودڵییه‌ك هه‌وڵی ده‌ركردنی ده‌دات.
ئۆماسۆرا له كتێبه‌كه‌یدا به ناوی "سه‌رشێت – UNHINGED"، باس له‌وه ده‌كات، ئێستا ئیداره‌ی تره‌مپ ده‌یه‌وێت مافی هاووڵاتیبوون له‌و كه‌سانه وه‌ربگرێته‌وه كه له كاتی داواكردنی "ساخته‌كاری یان درۆیان" كردووه، مه‌به‌ستیشی ئه‌وه‌یه میلانیا بكاته ئامانج، به‌ڵام هیچ ئاماژه‌یه‌ك نییه بۆ ئه‌وه‌ی میلانیا كه له سلۆڤینیاوه هاتووه‌ته ئه‌مه‌ریكا، په‌نای بردبێته به‌ر هیچ یه‌كێك له‌وانه.
كه‌سێكه تۆڵه‌ده‌كاته‌وه و له هیچ شتێك به‌دوور نییه
به گوێره‌ی رۆژنامه‌ی "People"، كه هه‌ندێك له گوته‌كانی ئۆمارۆساى له كتێبه‌كه‌دا بڵاوكردووه‌ته‌وه، تره‌مپ هه‌وڵیداوه هه‌ژموونی خۆی به‌كاربهێنێت بۆ دابینكردنی و په‌له‌كردن له وه‌رگرتنی ده‌سه‌ڵات به‌سه‌ر ڤیزای جۆری EB-1 Einstein، كه به هاوسه‌ره‌كه‌ی دراوه و به زۆری به‌وانه ده‌درێت، كه "به‌هره و توانایه‌كی شاراوه‌یان هه‌یه".
هه‌روه‌ها ده‌ڵێت: "ئه‌گه‌ر میلانیا بیه‌وێت سووكایه‌تییه‌كی گه‌وره به تره‌مپ بكات و له‌و كاته‌ی سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكایه لێی جیابێته‌وه، رێگه‌یه‌ك ده‌دۆزێته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی سزای بدات، ئه‌و پیاوه گوتوویه‌تی كه توانیویه‌تی خۆی له لێكۆڵه‌ری تایبه‌تی ئێف بی ئای، رۆبه‌رت مولر بپارێزت، چۆن ناتوانێت سزای كه‌سێك بدات ئه‌و جۆره ڤیزایه‌ی پێدراوه؟".
ئه‌و ژنه راوێژكاره‌ی تره‌مپ له كتێبه‌كه‌یدا ئه‌وه‌ش ده‌ڵێت: "به‌بۆچوونی من میلانیا خووله‌ك به خووله‌ك ده‌ژمێرێت بۆ ئه‌وه‌ی تره‌مپ له پۆسته‌كه‌ی لابچێت و ئه‌ویش بتوانێت لێی جیابێته‌وه".
تره‌مپ قسه‌كانی ئۆمارۆسا ره‌تده‌كاته‌وه
دۆناڵد تره‌مپ، ته‌واوی ئه‌و قسانه‌ی ئه‌و ژنه راوێژكاره‌ی پێشوو ره‌تده‌كاته‌وه كه له كتێبه‌كه‌یدا نووسیویه‌تی، هاوكات هه‌ردوو گوته‌بێژه‌كه‌ى ميلانياش ره‌تیانكردووه‌ته‌وه.
ئۆمارۆسا له ساڵی 2004 و له میانه‌ی به‌رنامه‌ی واقیعی The Apprentice تره‌مپ ناسیوه، له سه‌ره‌تای 2017 له پۆستی به‌ڕێوه‌به‌ری په‌یوه‌ندییه‌كانی كۆشكی سپی دامه‌زرا، به‌ڵام له كۆتایی هه‌مان ساڵ له كاره‌كه‌ی ده‌ركرا.
ا. م