پێشمەرگە لە پێکهێنانی ژوورێکی ئۆپەراسیۆنی هاوبەش بەشدار دەبێت

دەستپێکی گەڕانەوەی متمانەیه‌
kurdistan24.net

K24 - هه‌ولێر:

بە فەرمانی سەرۆك وەزیرانی عێراق، پێشمەرگە لە پێکهێنانی ژوورێکی ئۆپەراسیۆنی هاوبەش بەشداری پێدەکرێت و ئەرکیشیان نەهێشتنی مەترسییەکانی چەکدارانی داعش دەبێت کە ئێستا لەچەند ناوچەیەکی عێراق بەتایبەت ناوچەکانی مادەی 140 سەریان هەڵداوەتەوە.

پەرلەمانتارێکی عێراق دەڵێت: "ژوورەکە بڕیاری درووستکردنی لێدراوە و لە ئايیندەیەکی نزیکدا دەستبەکاردەبن"، فەرماندەیەکی پێشمەرگەش ئەم هەنگاوەی حکوومەتی عێراق بە دەستپێکی گەڕانەوەی متمانە وەسفدەکات.

زیادبوونی مەترسيیەکانی داعش، حکوومەتی فیدراڵی عێراقی ناچارکرد بڕیاری درووستکرنی ژوورێکی ئۆپەراسیۆنی هاوبەش بە بەشداری هێزەکانی پێشمەرگە بدات، فەرمانەکە سەرۆك وزیرانی عێراق عادل عەبدولمەهدی دەریکردووە و مەبەست لێی هەماهەنگی نێوان هێزە ئەمنیيەکانە  بۆ کاری هاوبەش و ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆن لە دژی جموجۆڵەکانی چەکدارانی داعش، بە تایبەت لە کەرکووك و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم.

بە پێی دەستوور ناوچەکانی ماددەی 140 پێویستە بە هاوبەشی لەنێوان حکوومەتی هەرێم و حکوومەتی فیدراڵ بەڕێوەببرێن تا ئەوکاتەی چارەنووسی ئەو ناوچانە یەکلایی دەکرێنەوە، بەلای کوردەوە پێکهێنانی ئەم ژوورە هەنگاوێکی ئەرێنيیە بە ئاراستەی جێەجێکردنی دەستوور و دەستپێکیکی باش بۆ لێکنزیکبوونەوە و نەمانی گرژییەکانی رابردووی نێوان هەردولا.

بەشداریکردنی پێشمەرگە لە ژوورە هاوبەشەکەی هێزە عێراقیيەکان، وەک ئاماژەیەك بۆ کردنەوەی گرێکوێرەکان و گەڕانەوەی متمانە لە نێوان هەردوو حکوومەتی هەرێم و فیدراڵ لێکدەدرێتەوە و چاوەڕواندەکرێت هەنگاوی دیکەی ئەرێنی بەدواوە بێت.

ئ. م