گەندەڵی 17 سەركردەی كۆمەڵی ئیسلامی ئاشكرا دەبێت

بەرپرسێكی كۆمەڵ دانی پێدا دەنێت

K24 - ھەولێر

بە گوێرەی نووسراوێك كە لە رۆژنامەی وشە بڵاوكراوەتەوە، 17 سەركردەی كۆمەڵی ئیسلامی بە پلەی بەڕێوەبەری گشتی خانەنشین كراون و داواكاری گشتی بەدواداچوون بۆ دۆسیەكە دەكات.

بەپێی ئەو نووسراوە 17 سەركردەكەی كۆمەڵی ئیسلامی لە ساڵی 2009 بە پلەی بەڕێوەبه‌ری گشتی خانەنشین كراون، ناوی عەلی باپیر ئەمیری كۆمەڵی ئیسلامی و پێنج ئەندامی مەكتەبی سیاسی ئەو حزبە لە نێو ئەو لیستە دایە.

لەوبارەيه‌وە دكتۆر محەمەد رێكانی ئەندامی دەستەی سكاڵای مافی گشتی لە داواكاری گشتی بە رۆژنامەی وشەی راگەیاندووە: "تا ئێستا ھیچ سكاڵایەكمان لەسەر ئەو نووسراوە بە دەست نەگەیشتووە، دەبێ بەدواداچوونی بۆ بكەین و بزانین پشت بە كام یاسا بەستراوە، دەبێ لە فەرمانگەی خانەنشینی تەماشای دۆسیەكەیان بكرێ".

ئەوەشی خستووەتەڕوو: "لەسەر دۆسیەی خانەنیشینی پلە باڵا و پلە تایبەتەكان لیژنەیەك پێك ھێنراوە و ھەموو خانەنشینە پلە باڵاكان كە بەشێوەی نا یاسایی خانەنشین كراون بە لیستێك دراونەتە ئەنجوومەنی وەزیرانی ھەرێمی كوردستان، پێمان گوتوون كە ئەمانەی بەدەرن لە یاسا دەبێ رێكاری یاسایی بگيرێتەبەر و چارەسەر بكرێن".

وریا تاھیر زەڵمی، بەرپرسی كارگێڕی و پەرەپێدانی بانگەواز لە كۆمەڵی ئیسلامی نووسراوی خانەنشین كردنی 17 سەركردەی حزبەكەی بۆ رۆژنامەكە پشتڕاست كردووەتەوە گوتویەتی: "ئەوانەی خانەنشین كراون بە مافێكی شەرعی خۆمانى دەزانین و بێمنەتين لە حكومەت و  دامودەزگا پەیوەندیدارەكان".

دەقی نووسراو
دەقی نووسراو
دەقی نووسراو
دەقی نووسراو
دەقی نووسراو
دەقی نووسراو