حه‌لبوسى داواى پێكهێنانى حكومه‌تێكى به‌هێز ده‌كات

سائیرون جەختى لەسەر دوور خستنەوەی كەسایەتییە حزبییەكانی عێراق لە حكومەتی داھاتوو كرده‌وه‌
kurdistan24.net

K24 – هه‌ولێر:

سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، داوای ھەماھەنگی و كاری پێكەوەیی زیاتری له‌ ھێزە سیاسییەكانی عێراق كرد.

لە راگەیەندراوێكدا، محەممەد حەلبوسی، سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، داوای ھەماھەنگی و كاری پێكەوەیی زیاتری ھێزە سیاسییەكانی عێراقى كرد، لە پێناو تێپەڕاندنی ئەم قۆناغە سەختەی وڵات پێیدا تێپەڕدەبێت.

حەلبوسی گوتی: پێویستە كوتلە و ھێزە سیاسییەكان كەشی گونجاو بۆ تێپەڕاندنی كێشە سیاسییەكان و دەستپێكردنی قۆناغی ئاوەدانكردنەوە و گەشەپێدان بڕەخسێنن.

هه‌روه‌ها ھیواشی خواست، عادل عەبدولمەھدی سەرۆك وەزیرانی راسپێردراو بتوانێت حكومەتێكی بە توانا و بەھێز پێكبھێنێت، كە رەزامەندی ھەموولایەكی لەسەربێت.

هه‌ر له‌و چوارچێوه‌يه‌دا، ھاوپەیمانی سائیرون جەختى لەسەر دوور خستنەوەی كەسایەتییە حزبییەكانی عێراق لە حكومەتی داھاتوو كرده‌وه‌.

محەمەد رەزا پەرلەمانتاری ھاوپەیمانی سائیرون، كە موقتەدا سەدر رێبەرایەتی دەكات، ئاشكرایكرد، ھاوپەیمانێتییەكەیان جەخت لەسەر دوورخستنەوەی كەسایەتییە حزبییەكانی عێراق لە حكومەتی داھاتوو دەكاتەوە، ھێزە سیاسییەكانیشی لەسەر فشارخستنە سەر عادل عەبدولمەھدی سەرۆك وەزیرانی راسپێردراو، ئاگاداركردەوە.

پێشتر، عەلی بدێری پەرلەمانتاری رەوتی حیكمەی عەمار حەكیم گوتبووی، لایەن و كوتلە سیاسییەكان، فشار دەخەنە سەر عادل عەبدولمەھدی، بۆ بەشداریپێكردنی كاندیدەكانیان لە حكومەت.

هاوكات له‌گه‌ڵ جموجۆڵه‌ سياسييه‌كان بۆ پێكهێنانى كابينه‌ى نوێى حكومه‌تى عێراق، رێكخراوی داعش لە عێراق بەچڕی دەستی بە كردەوەكانی توندوتیژی و تەقینەوەكان كردووەتەوە و دەیەوێت لەرێگەی ئەم كردەوانەوە خۆی دەربخاتەوە و بوونی خۆی لە عێراق بسەلمێنێت، لەو چوارچێوەیەدا لەھەریەك لە بەغدا و كەركووك تەقینەوە روویاندا و بەھۆیانەوە ژمارەیەك كەس كوژران و برینداربوون.