"بیوه‌شێنێته‌وه‌ ده‌یشێلینه‌وه‌" "یاسا و سه‌روه‌ریتان پێشیلكردووه"

شه‌ڕه‌ قسه‌ی پاش مووشه‌كباران ده‌ستیپێكرد

K24 - هه‌ولێر:

تێریزا مەی، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، ئەگەر حکومەتی سووریا جارێکی دیکە بە چەکی کیمیایی هێرشبکاتەوە سەر گەلی سووریا، ئەوا ئێمەش بەهەمانشێوە هێرش بۆ سەر حکومەتی سووریا ئەنجامدەدەین. گوتیشی، هێرشەکە بۆ پاراستنی ئاسایشی نەتەوەیی بەریتانیا بووە و لەگەڵ هاوپەیمانانمان کارێکی دروستمان ئەنجامدا،  ئاماژەی بەوەشکرد کە هێرشەکەیان تەواوی ئامانجەکانی خۆی پێکاوە. جەختیکردەوە، هێرشەکە بۆ لاوازکردنی توانا سەربازییەکانی سووریا بووە.

سه‌رۆكوه‌زیرانی بریتانیا گووتی: "مەبەستی هێرشەکەمان بڵاوازکردنی توانای سەربازی رژێمەکەی ئەسەدبوو، هەروەها لێکۆڵینەوەکانمان لەبارەی بەکارهێنانی چەکی کیمیایی لەلایەن سووریا تەواو نەبووە".

هه‌روه‌ها ده‌ڵێت: "دەبێت رژێمی ئەسەد لەوە دڵنیابێت، ئەگەر جارێکی دیکە چەکی کیمیایی بەکاربهێنێت، ئەوا بێگومان بەهەمانشێوە هێرشی لە دژ ئەنجامدەدەین".

تێریزا مەی ، گووتی: "دەزانم ئەو هەنگاوە لەبەرژەوەندی ئاسایشی نیشتمانی بەریتانیابووە و پەیامێکیش بوو بۆ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، کە نابێت جارێکی دیکە دیمەنی ئەو منداڵانە ببینینەوە، کە بوونەتە قوربانی چەکی کیمیایی، بۆیە پێموایە ئەو هەنگاوەی ئێمە و هاوپەیمانەکانمان هەنگاوێکی دروستبووە".

له‌ به‌رامبه‌ردا سەرۆکی رووسیا رایگەیاند: "هێرشی ئەمریکا و هاوپەیمانانی بۆ سەر سووریا پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکانە".

ڤلادیمێر پووتین، سەرۆکی رووسیا گووتی: "هێرشی ئەمریکا و هاوپەیمانانی بۆ سەر دامەزراوە سەربازی و مەدەنییەکانی سووریا پێشێلکردنی رێککەوتننامەی نەتەوەیەکگرتووەکان و یاسا نێودەوڵەتییەکانە. گوتیشی، ئەو هێرشانە کارێکی دووژمنکارانەیە بەرامبەر بە وڵاتێکی خاوەن سەروەری، کە چەندین ساڵە رووبەڕووی تیرۆر دەبێتەوە".

جەختیشیکردەوە، هێرشی ئەمریکا و هاوپەیمانان دەبێتە هۆکاری بەرزبوونەوەی کارەساتە مرۆییەکان و شەپۆڵێکی دیکەی ئاوارەبوونی دانیشتوانی سووریا.

سەرۆکی رووسیا داوای لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی کرد، کۆبوونەوەیەکی بەپەلە لەبارەی هێرشی ئەمریکا و هاوپەیمانانی بۆ سەر سووریا ئەنجامبدات.

پێشتر دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا لە پەیامێکدا بە بۆنەی هێرشەکانی وڵاتەکەی بۆ سەر سووریا رایگەیاند نابێت جارێکی دیکە رژێمەکەی ئەسەد چەکی کیمیایی بەکاربهێنێت. گوتیشی پێویستە رووسیا لەگەڵ وڵاتانی دیکە کار بۆ ئاشتی و هاوسەنگی بکات.

عەلی مەهیوب، گوتەبێژی سوپای سووریا رایگەیان: "سیستەمی بەرگرییان توانیویەتی زۆرینەی ئەو مووشەکانە تێکبشکێنێ کە لەلایەن ئەمریکا و فەرەنسا و بەریتانیاوە ئاراستەی سوریا کراون ، گوتیشی سێ هاوڵاتی سڤیل برینداربوون بێ ئەوەی ئاماژە بە ژمارەی قوربانیانی سوپای سوریا بدات.

گوتەبێژی سوپای سووریا ده‌وڵێت: "نزیکەی ١١٠ موشەکیان بە ئاراستەی ئامانجەکانیان لە سوریا ئاراستەکرد، سیستەمی بەرگری سوریا توانی زۆرینەی ئەو موشەکانە تێکبشکێنێ، هەندێکیشیان توانییان ئامانجەکان بپێکن، بۆ نموونە لە دیمەشق ناوەندێکی توێژینەوەی زانستییان بەئامانجگرتووە، توانیمان ئاراستەی بەشێک لە موشەکەکان بگۆڕین بۆ نموونە لە حمس ئەوەمان کرد بەڵام سێ هاوڵاتی سڤیل برینداربوون".

هه‌روه‌ها گووتی: "سوپا و هێزە چەکدارەکان بەردەوام دەبن لە پارێزگاری کردنی سوریا و هاوڵاتیانی، ئەم جۆرە هەڕەشە و دەستدرێژیانە ناتوانێ ئێمە لە بەرگریکردن لە خاکی سوریا و بەزاندنی هێزە تیرۆرستییەکان سارد بکاتەوە ناتوانێ بەر لەو ڕێوشوێنانە بگرێ کە ئێمە بۆ پاراستنی هاوڵاتیانمان گرتوومانەتەبەر".

هه‌ر له‌ باره‌ی هێرشه‌كانی به‌ره‌ به‌یانی ئه‌مڕۆ بۆ سه‌ر سووریا، ژان ئیڤ لۆدریان، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی فه‌ره‌نسا، رایگه‌یاند كه‌ ئامانجی سه‌ره‌كی له‌و هێرشانه‌ له‌ناوبردنی كارگه‌كانی دروستكردنی چه‌كی كیمیایی رژێمی سووریا بووە، تاوه‌كو چیتر ئه‌سه‌د نه‌توانێت چه‌كی كیمیاوی دژی گه‌له‌كه‌ی به‌كاربهێنێت.

وەزیری بەرگریی ئوستراڵیا پشتگریی وڵاتەکەی بۆ هێرشی ئەمریکا و فەڕەنسا و بەریتانیا بۆ سەر سووریا راگەیاند. ماریس پێین لە کۆنفراسێکی رۆژنامەوانیدا ئاماژەی بەوەدا وڵاتەکەی بە تەواوەتی پشتگیری لەم هێرشە دەکات کە سەرلەبەیانی ئەمڕۆ بە گوتەی ئەمریکا بنکەکانی بەرهەمهێنانی چەکی کیمیاوی لە دیمەشق کردووەتە ئامانج.  ئەو هەروەها رووسیای بە پاراستنی رژێمی بەشار ئەسەد و بەم شێوەیەش رێگریکردن لە لێکۆڵینەوە لە بەکارهێنانی چەکی کیمیاوی لە سووریا، تۆمەتبار کرد.

ماریس پێین، وەزیری بەرگریی ئوستراڵیا گووتی: "بەکارهێنانی چەکی کیمیاوی لەلایەن هەر کەسێکەوە لە هەر شوێنێک و لە هەر هەلومەرجێکدا نایاسایییە و هەڵەیە.  رژێمی ئەسەد نابێت رێگەی پێ بدرێت ئەم تاوانانە بە بێ باکی ئەنجام بدات. هەر لەبەر ئەوەشە کە ئوستراڵیا بە تەواوەتی پشتگری لە هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمریکا و فەڕەنسا و بەریتانیا دەکات کە بنکەکانی لێکۆڵینەوە و پەرەدا و بەرهەمهێنانی چەکی کیمیاویان کردووەتە ئامانج. ئەم شوێنانەش بەتایبەتی هەڵبژیردراون تا ئەگەری مەترسی لەسەر هاووڵاتیان کەمتر بکەنەوە."

وەزارەتی بەرگری ئەمریکا پێنتاگۆن رایگەیاند کە وڵاتەکەیان لەگەڵ فەرەنسا و بەریتانیا چەند پێگە و بارەگایەکی سەربازیان لە دیمەشقی پایتەختی سووریا و دەوروبەری بۆردوومانکردووە.

هاوکات بەرپرسانی ئەمریکا ئاشکرایان کردووە کە لەو بۆردوومانە سەد بۆ 120 مووشەکیان بەکارهێناوە و راشیانگەیاندووە کە فڕۆکەی جەنگی میراجی فەرەنسی و تۆرنادۆی بەریتانی و بی وەنی ئەمریکی، لەگەڵ کەشتی جەنگی ئەمریکی لە دەریای سوور بەشداریان لە بۆردوومانکردنی پێگەکانی رژێمی ئەسەد لە دیمەشق کردووە.

لە بەرامبەردا حکومەتی سووریا رایگەیاندووە کە هێزەکانیان سێزدە مووشەکی ئەمریکیان خستووەتە خوارەوە.