پارتی: بۆ پێكھێنانی حكوومەت لەگەڵ یەكێتی بیروڕامان لێك نزیكە

سەعدی پیرە: جەختمان لەوەكردەوە كە چۆن بتوانین سوود لە ھەڵەكانی رابردوو وەربگرین

K24 - سلێمانی

دوای كۆتایی ھاتنی كۆبوونەوەی شاندی پارتی و یەكێتی لە سلێمانی، لە كۆنگرەیەكی ھاوبەشدا مەحموود محەمەد، وتەبێژی پارتی دیموكراتی كوردستان و سەعدی ئەحمەد پیرە، وتەبێژی یەكێتی نیشتمانی كوردستان، ناوەرۆكی كۆبوونەوەكەیان خستەڕوو.

مەحموود محەمەد، وتەبێژی پارتی رایگەیاند: "دەمانەوێت بۆچوونێكی ھاوبەش بۆ پێكھێنانی حكوومەت دروست بكەین، دەمانەوێت ئارامی سیاسی لە ھەرێمی كوردستان بەرقراربێت، كە ببێتە ھۆی بوژانەوەی ئابووری و ژیانی خەڵك".

گوتیشی: "لە كۆبوونەوەمان لەگەڵ شاندی یەكێتی بیروڕامان گۆڕییەوە و كۆمەڵێك بیروڕای ھاوبەشمان ھەیە و زۆر لێك نزیكن و لەو بڕوایەداین لە كۆبوونەوەی داھاتوو كۆتایی بەو بابەتە بێنین".

وتەبێژی پارتی، ئەوەشی خستەڕوو: "ھەر ئەمڕۆش لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان كۆدەبینەوە و لە رۆژانی داھاتووشدا سەردانی ئەو لایەنانەی دیكە دەكەین كە دەیانەوێت بەشداری لە حكوومەت بكەن، ئێمە نامانەوێت ھیچ لایەنێك پەراوێزبخرێت".

راشیگەیاند: "دەمانەوێت كابینەیەك پێكبێنین كە گوزارشت لە خواست و داخوازی ھەموو خەڵكی كوردستان بكات و ئەو بەڵێنانەی بە خەڵكمان داوە جێبەجێیان بكەین".

سەعدی پیرە، لەو كۆنگرە رۆژنامەوانیەدا گوتی: "لە كۆبوونەوەكەدا جەختمان لەوەكردەوە كە چۆن بتوانین سوود لە ھەڵەكانی رابردوو وەربگرین، دەمانەوێت لەسەر بنەمای كاری ھاوبەشمان لە رابردوو، ھەروەھا بە سوود وەرگرتن لە ھەڵەكان لە كابینەی داھاتوودا كاربكەین".

جەختیكردەوە: "وەك یەكێتی ھێڵی سوورمان لەسەر ھیچ لایەنێك نییە كە بیانەوێت بەشداری لە حكوومەت بكەن".

گوتیشی: "كابینەی داھاتوو لەسەر بنەمای گونجاندنی بەرنامەی ھاوبەش دەبێت، بۆ پاراستنی ئەزموونی ھەرێمی كوردستان و خزمەتكردنی زیاتری خەڵكی كوردستان".

ھ.م