خەڵكی كەركووك بە مەرج دەنگ بە كاندیدەكان دەدەن

بۆ ئارامی شارەكە داوای گەڕانەوەی پێشمەرگە دەكرێت
kurdistan24.net

K24 - كەركووك

لە کەرکووك گەڕانەوەی شارەکە بۆ سەر هەرێمی کوردستان، بووه‌ته‌ داوای شەقامی کوردی و بەشێکی زۆری خەڵك بە کاندیدی حزبەکان دەڵێن، بۆ پەرلەمانی عێراق، کە بەو مەرجێك دەنگیان پێدەدەین ئایندەی شارەکە یەکلایی بکەنەوە بۆ سەر هەرێمی کوردستان، کاندیدەکانش ئەو بەڵێنە بە خەڵكی دەدەن کە لەچوار ساڵی داهاتوو کار بۆ گەڕانەوەی پێشمەرگە دەکەن و ناسنامەی شارەکەش یەکلا دەکەنەوە لە رێگای ماددەی 140ی دەستووری هه‌میشه‌یی عێراق.

حەسیبە عەبدوڵڵا، كاندیدی یەكێتی لە كەركووك بە كوردستان24 راگەیاند: "كورد دەنگی یەكەمە لە كەركووك و خۆی خاوەنی شارەكەیە، بۆیە لایەنەكانی دیكە ھەمیشە خۆیان لە سەرژمێری لە كەركووك شاردووەتەوە، ئەوەی ئێمە خۆمان بۆ ئامادەكردووە ئێستا، تەنھا ھەڵبژاردن نییە، بەڵكو دیاركردنی ناسنامەی كەركووكە، لە رێگەی دەنگدانەوە دەبێ كوردستانی بوونی كەركووك بسەلمێنین".

لەسەر ئاستی شەقام گەڕانەوەی پێشمەرگە بۆ کەرکووك و هەڵکردنی ئاڵای کوردستان داواکاری سەرەکی خەڵکە، بەڵام جێبەجێکردنی ئەم داوایە لەم کاتەدا لە دەسەڵاتی هیچ هێزێکی سیاسیی کوردی نییە.

کەرەم کوردە، ھاووڵاتییەكی دانیشتووی كەركووكە لەوبارەوە دەڵێت: "پێویستە پێشمەرگە بگەڕێتەوە كەركووك و ئارامی و ئاسایش بۆ ھەموو پێكھاتەكان دابین بكات، لەوكاتەی پێشمەرگە لێرە نەماوە بارودۆخی ئەمنی كەركووك وەك پێویست نییە".

بۆ زۆربەی لایەنەکان بابەتی گەڕانەوەی کەرکووك بۆ سەر هەرێمی کوردستان بەڵێنی هەڵبژاردنیانە بۆ چوار ساڵی داهاتوو. تورکمانەکانیش دروشمیکێیان هەڵگرتوە و دەڵێن لە رێگەی پەرلەمانی عێراقەوە هەوڵدەدەن کەرکووك بکەنە هەرێمی سەربەخۆ و دەسەڵاتە ئیداریەکانیش بەڕێژەیەکی یەکسان دابەش بکرێت لەنێوان هەرسێ پێکهاتەکەی کەرکووکدا.

ماردین جوش قەیا، ئەندامی مەکتەبی سیاسی بەرەی تورکمان بە كوردستان24 گوت: "لێدوانەكان لەم كاتەدا لە كەركووك جیاوازن، ھەندێك دەڵێن كەركووك شارێكی كوردییە و ھەندێكی دیكەش دەڵێن، توركمانی و عەرەبییە، ئێمە پێمان باشە كەركووك بكرێتە ھەرێمێكی سەربەخۆ و ھەموو پێكھاتەكان تێیدا بەشداربن".

ھ.م