مه‌سروور بارزانی په‌یامێكی هاوخه‌می بڵاوده‌كاته‌وه‌

مه‌سروور بارزانی: مامۆستا عه‌لی عه‌بدوڵڵا هەموو تەمەنی بۆ خزمەتی نیشتمان تەرخان کرد

K24 - هه‌ولێر:

مه‌سروور بارزانی، راوێژكاری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان و ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی پارتی، به‌بۆنه‌ی كۆچی دوایی عه‌لی عه‌بدوڵڵا، یه‌كێك له‌ دامه‌زرێنه‌ سه‌ره‌كییه‌كان و جێگری پێشووی سه‌رۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان، په‌یامێكی هاوخه‌می بڵاوكردووه‌ته‌وه‌ ده‌ڵێت: "بە بۆنەی کۆچی دوایی مامۆستای تێکۆشەر و گەورەمان عەلی عەبدوڵڵا پرسە و سەرەخۆشی لە خۆم و جەنابی سەرۆک بارزانی و بنەماڵەی بەرێزی مامۆستا و سەرجەم ئەندامان و جەماوەری پارتی و هەموو کوردانی دڵسۆز دەکەم".

مه‌سروو بارزانی له‌ په‌یامه‌كه‌یدا باسی خه‌بات و رۆڵی عه‌لی عه‌بدوڵڵا ده‌كات ده‌ڵێت: "مامۆستا عەلی عەبدوڵلا، وەک یەکێک لە دامەزرێنەرانی پارتی و وەک سەرکردەیەکی مەزن و چەندین جار وەک جێگری سەرۆکی پارتی، هەموو تەمەنی بۆ خزمەتی نیشتمان تەرخان کرد، بۆیە بە شانازییەوە ناوی مامۆستا هەمیشە وەک کەسایەتیەکی مەزن و کاریگەر و گەشاوەی ناو مێژووی بزاڤی رزگاریخوازی کورددا دەمێنتەوه‌".

 هه‌روه‌ها ئاماژه‌ی به‌وه‌كردووه‌ كه‌ "خوالێخۆشبوو مامۆستایەکی کارامەی من و زۆرێک لە کادیران و تێکۆشەرانی کایەی سیاسی بووە و  یادی ئەم زاتە مەزنە هەمیشە لای ئێمە بە زیندوویی دەمێنتەوه‌، خوا سەبووری هەموو لایەکمان بدات و جێگەی مامۆستای خوالێخۆشبوومان بەهەشتی بەرین بێت".

سەر لە بەیانی ئەمڕۆ عەلی عەبدوڵڵا، یەكێك لە دامەزرێنەرە سەرەكییەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان لە نەخۆشخانەیەكی ھەولێر كۆچی دواییكرد.

بە گوێرەی زانیارییەكان ئەمڕۆ تەرمی عەلی عەبدوڵڵا بە خاك ناسپێردرێت چاوەڕێ دەكرێت تا كەسوكاری لە دەرەوەی وڵات دەگەڕێنەوە كوردستان.

عەلی عەبدوڵڵا، جێگری پێشووی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان بوو، یەكێك بوو لە تێكۆشەرانی كوردستان كە زۆربەی تەمەنی بە گەل و نیشتمانی بەخشیووە.

ژیاننامەی عەلی عەبدوڵڵا

عەلی عەبدوڵڵا  ئەمین ساڵی 1926 لە کۆیە لەدایکبووە

 دەرچووی بەشی بیناسازی کۆلێژی ئەندازیاری بەغدا

 1943 یەکێك لە دامەزرێنەرانی کۆمەڵەی میللەت بووە

1944 ئەندامی یەکێتی تێکۆشین بووە

1945 بووەتە ئەندامی مەکتەبی سیاسی حزبی شۆڕش

1946 یەکێك لە دامەزرێنەران و ئەندامانی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کورد (کۆنگرەی یەکەم)

1950 ئەندامی سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کورد (کۆنفرانسی کۆیە)

1951 لەبەر خەباتی سیاسی بۆ ماوەیەک دوورخراوەتە بۆ شاری موسڵ

1953 ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان - عێراق (کۆنگرەی سێیەم)

1956 -1957 ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی پارتی دیموکراتی یەکگرتووی کوردستان

1958 یەکەمین بەرپرسی لقی دووی پارتی دیموکراتی کوردستان

1959 ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان - عێراق

1960 ئەندامی دەستەی دامەزرێنەری قۆناخی ئاشکرای پارتی دیموکراتی کوردستان و بووەتە ئەندامی مەکتەبی سیاسی (کۆنگرەی پێنج)

1966 ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان (کۆنگرەی حەوت)

1970 سەرنووسەری رۆژنامەی برایەتی و خاوەنی ئیمتیازی خولی دووەمی رۆژنامەی خەبات بووە

1970 ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان (کۆنگرەی هەشتەم)

3/2/1971 - 1/3/1974 بووەتە پارێزگاری سلێمانی

1974 بەرپرسی ئەمانەتی گشتی ئابووری شۆڕشی ئەیلول

1976 ئەندامی سەرکردایەتی کاتی پارتی دیموکراتی کوردستان

1979 سکرتێری پارتی دیموکراتی کوردستان (کۆنگرەی نۆیەم)

1989 جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان (کۆنگرەی دەیەم)

1993 جیگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان - یەکگرتوو (کۆنگرەی یازدە)

1999 جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان (کۆنگرەی دوازدە)

25/9/2017 بەشداری لە پرۆسەی ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان

24/10/2017 لە یەکێك لە نەخۆشخانەکانی شاری هەولێر کۆچی دوایی کرد.