ئاستەنگەکانی بەردەم پێکهێنانی حکوومەت زیاد دەبن

گومان هەیە لەوەی لایەنە سیاسی و تائیفییەکان حکومەتی بێ لایەنیان قبوڵ بێت

K24- هه‌ولێر:

ئەگەرچی لایەنە سیاسی و تائیفییەکانی عێراق بە زارەکیی پشتگیری پێکهێنانی حکوومەتێکی تەکنۆکرات دەدەن، بەڵام فشارەکانیان بۆ زاڵکردنی هەژموونی خۆیان لە حکوومەتی داهاتووی عێراق دەستپێکردووە.

عادل عەبدولمەهدی، سەرۆک وەزیرانی راسپێردراو، تاکە سەرۆک وەزیرانی عێراقە کە سەر بەهیچ کوتلەیەکی سیاسی نییە و بەڵێنیشی داوە کە حکومەتێکی تەکنۆکرات پێکبهێنێت.

لەبارەی ئاستەنگەکانی بەردەم پێکهێنانی حکومەتی داهاتووی عێراق، ئەشواق جاف، ئەندامی پێشووی پەرلەمانی عێراق بە کوردستان24ی راگەیاند: " ھەنگاوەکانی پێکھێنانی حکومەتی تەکنۆکرات پڕە لە ھەورازو نشێو، چونکە شیعەو سوننە لەگەڵ یەکترو تەنانەت ھەندێکیان لە نێو خۆشیاندا ئاستەمە لە بەر بەرژوەندی حزبی و تاکەکەسی سازش بۆ یەکتر بکەن، هیچ گه‌ره‌نتییه‌كیش نییه‌ لەمپەر نەخەنە بەردەم کارەکانی کاندیدی سەرۆک وەزیران ".

هەر لەوبارەیەوە بەختیار مستەفا، چاودێری سیاسی، پێیوایە: "پێکهێنانی حکومەتێکی تەکنۆکرات شتێکی باشە، بەڵام بۆ وڵاتێک کە حزب هەموو شتێکە و مەکتەب سیاسییەکان بڕیاردەرن، زۆر ئەستەمە".

وابڕیارە 24ی ئەم مانگە عادل عەبدولمەھدی کابینەی حکومەتەکەی بخاتە بەردەم پەرلەمانی عێراق بۆ ئەوەی دەنگی لەسەر بدرێت ، به‌و پێیه‌ی ڕۆژی 2/11 دوا وادەی دەستورییە بۆ ئەوەی کابینەی نوێی حکومەت پێشکەشی پەرلەمان بکات .

H.J