"نەوتی كەركووك بارودۆخی سیاسی و ئابووری دەگۆڕێت"

كاریگەری لەسەر پەیوەندییەكان دەبێت
kurdistan24.net

K24 - ھەولێر

پسپۆرانی بواری وزە و چاودێرانی سیاسی باس لە گرنگی رێككەوتنامەكەی نێوان ھەولێر و بەغدا لەسەر جارێكی دیكە ھەناردەكردنەوەی نەوتی كەركووك لەرێگەی بۆری نەوتی ھەرێمی كوردستانەوە دەكەن و رایانوایە ئەم رێككەوتنە، لەیەك نزیكبوونەوە و رێككەوتنی زیاتری بەدواوە دێت بەتایبەت لەسەر ئەو پرسانەی تائێستا لە نێوان ھەردوولا بە چارەسەرنەكراوی ماونەتەوە، پێشیانوایە ئەو ھەنگاوە بارودۆخی سیاسی و ئابووری لە ھەرێمی كوردستان دەگۆڕێت.

پەیوەندییەكانی نێوان ھەولێر و بەغدا چووە قۆناخێكی نوێوە، ئەمەش دوای ئەوەی ھەردوولا لەسەر ھەناردەكردنه‌وه‌ی نەوتی كەركووك لەرێگەی بۆری نەوتی ھەرێمی كوردستان بۆ بەندەری جەیھان رێككەوتن، پسپۆڕێكی بواری سیاسەت و وزە وایدەبینێ ئەو رێككەوتنە، لەیەكتر نزیكبوونەوەی زیاتری بەدواوەدێت.

شاڵاو عەبدولخالق، پسپۆری بواری سیاسەت و وزە بە كوردستان24 گوت: "ئەو رێككەوتنە لە رووی داراییەوە كاریگەری لەسەر باشتربوونی بارودۆخی ھاووڵاتییانی ھەرێمی كوردستان دەبێت، ھەروەھا لە رووی سیاسیشەوە ھەمووكات پەیوەندییە ئابوورییەكانی نێوان ھەولێر و بەغدا كاریگەریان ھەبووە لەسەر لێك نزیكبوونەوەی، ھەردوو حكوومەتی ھەرێمی كوردستان و حكوومەتی عێراق".

ئەو ھەنگاوەی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان و حكوومەتی عێراق، لەكاتێكدایە ھێشتا چەند پرسێكی دیكەی تایبەت بوودجە و مووچه‌ی ھەرێمی كوردستان بە چارەسەرنەكراوی ماونەتەوە، كە چاوەڕوان دەكرێ ئەم لێك تێگەیشتنە ببێتە دەرگایەك بۆ چارەسەكردنی گرفتەكانی دیكە نێوان ھەردوولا، بەڕای چاودێرێكی سیاسی رێكەوتنی لەم جۆرە پەیوەندییەكانی نێوان ھەولێر و ئەنقەرەش دەباتە قۆناخێكی دیكەوە.

لەوبارەوە دڵشاد مستەفا وەسانی، چاودێری سیاسی دەڵێت: "ئەو رێككەوتنە كاریگەری دەبێت بۆ داڕشتنەوەی پەیوەندییەكان، ئەمەش لەبەر دوو ھۆكار، توركیا خۆی وڵاتێكی پیشەسازییە و دەیەوێت زیاتر بەرەوە پێش بڕوات لەو بوارە، ئەو جۆرە وڵاتانەش پێویستیان بە وزەی زیاترە، توركیاش وزەی زۆر كەمە".

زیاتر ساڵێك لەمەوبەر، ھەناردەكردنی نەوتی كەركووك بۆ دەرەوە بەھۆی رووداوەكانی 16 ئۆكتۆبەرەوە راگیرا، ئێستا بە گوێرەی رێككەوتنه‌ سه‌ره‌تاییه‌كه‌ی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا، رۆژانە بڕی 50 بۆ 100 هه‌زار به‌رمیل له‌ كێڵگه‌ نه‌وتییه‌كانی كه‌ركووك، له‌ رێگه‌ی بۆری‌ نه‌وتی هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌، هه‌نارده‌ی به‌نده‌ری جیهان ده‌كرێت.

ھ.م