ئێران ده‌ستی به هه‌ڵمه‌تێكی ره‌شبگیری له ئه‌هواز كرد
K24- هه‌ولێر:
سه‌رچاوه هه‌واڵییه‌كانی ئێران بڵاویانكرده‌وه، دوای ئه‌وه‌ی بزووتنه‌وه‌ی خه‌باتی ئازادیخوازی ئه‌هواز "النضال لتحرير الأحواز"، كه بزووتنه‌وه‌یه‌كی ئۆپۆزسیۆنه، به‌رپرسیارێتی خۆی له ئه‌نجامدانی هێرشه‌كه‌ی ئه‌مڕۆی سه‌ر نمایشی سه‌ربازی سوپای پاسدارانی ئێران له شاری ئه‌هواز راگه‌یاند، هێزه ئه‌منییه‌كانی ئه‌و وڵاته ده‌ستیان به هه‌ڵمه‌تێكی فراوانی ره‌شبگیری له شار و شارۆچكه‌كانی سه‌ر به‌و پارێزگایه كردووه، كه زۆربه‌ی دانیشتوانی عه‌ره‌بن.
پێگه‌ی ئه‌لیكترۆنی ده‌نگی گه‌ل "صوت الشعب" بڵاویكرده‌وه، "له شار و ناوچه جیاوازه‌كانی سه‌ر به ئه‌هواز، هێزه ئه‌منییه‌كان و ئه‌ندامانی به‌سیج ده‌ستیان به هه‌ڵمه‌تێكی هه‌ڵكوتانه سه‌ر ماڵان و دانانی خاڵی ئه‌منی و بازگه كردووه"، ئاماژه‌ی به‌وه‌شداوه، "زۆربه‌ی هه‌ڵمه‌ته‌كه له ناوچه‌كانی شلنك ئاباد، كوت سه‌ید ساڵح و كوت عه‌بدوڵڵا چڕكراوه‌ته‌وه".
ئه‌و پێگه ئلیكترۆنییه له چه‌ند سه‌رچاوه‌یه‌كی شاری ئه‌هواز گواستییه‌وه، "به‌ده‌یان گه‌نج له‌و ناوچانه ده‌ستگیركراون"، به‌بێ ئه‌وه‌ی ئاماژه به ژماره‌ی راسته‌قینه بدات.
هه‌ر له‌مباره‌یه‌وه، یه‌عقوب حوڕ ته‌سه‌توری، وته‌بێژی بزووتنه‌وه‌ی ناوبراو بۆ رادیۆی "غه‌د"ـی سه‌ر به ئۆپۆزسیۆن كه له‌ده‌ره‌وه‌ی ئێران په‌خشه‌كه‌ی ده‌كات، به‌ڵێنیدا، "وه‌ڵامی ئه‌و ره‌فتارانه‌ی رژێمی ئێران ده‌ده‌ینه‌وه".
ته‌سه‌توری گوتی: "ئه‌و هێرشه‌ی ئه‌مڕۆ بزووتنه‌وه‌كه‌مان بۆ سه‌ر سوپای پاسداران ئه‌نجامیدا، وڵامێك بوو بۆ له‌سێداره‌دان و ئه‌و هه‌ڵمه‌تانه‌ی ره‌شبگیری كه رژێمی تاران به به‌رده‌وامی له‌دژی گه‌لی عه‌ره‌ب له ئه‌هواز ئه‌نجام ده‌دات، هه‌روه‌ها وه‌ڵامێكیشه بۆ دزینی ئاوی هه‌رێمی خۆزستان، كه بووه‌ته هۆی ئه‌وه‌ی ژیان له‌و هه‌رێمه ببێته شتێكی مه‌حاڵ".
پێشنیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ ژماره‌یه‌ك چه‌كدار هێرشیان كرده سه‌ر نمایشێكی سه‌ربازی سوپای پاسدارانی ئێران له شاری ئه‌هواز، به‌و هۆیه‌شه‌وه نزیكه‌ی 30 كه‌س كوژران و زیاتر له 60ی دیكه‌ش بریندار بوون، پێشبینیش ده‌كرێت به‌هۆی سه‌ختی برینه‌كانیان، ژماره‌ی كوژراوان به‌رز بێته‌وه.
H.B