ئەنجوومەنی ناوەندی یەکێتی بڕیاری بەستنی كۆنگرە دەدات

داوای كۆبوونەوەی بە پەلە دەكات

K24 - ھەولێر

ئەنجوومەنی ناوەندی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لەسەر كێشە ناوخۆییەكانی حزبەكەی ھاتە دەنگ و لە راگەیەندراوێكدا داوا لە ئەنجوومەنی سەركردایەتی یەكێتی دەكات بە زووترین كات كۆبوونەوە ئەنجامبدات و بڕیاری دیاركردنی رۆژی بەستنی كۆنگرە بدات، ئەگەر ئەوە نەكرێت ئەنجوومەنی ناوەند بڕیاری بەستنی كۆنگرە دەدات.

لە راگەیەندراوەكەی ئەنجوومەنی ناوەندی یەكێتی ھاتووە: "ئەنجومەنی ناوەندی داوا لە ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەکات بەزوترین کات کۆبوونەوەی خۆی ئەنجام بدات و تیایدا بڕیار لەسەر دیاریکردنی رۆژی بەستنی کۆنگرەو رێوشوێنەکانی بدەن، ئەگەر نا ئەنجومەنی ناوەندی لەکۆبوونەوەی فراوانی خۆیدا ئەو ئەرکە لە ئەستۆ دەگرێت و بڕیار لە رۆژی بەستنی کۆنگرە دەدات".

لە خاڵێكی دیكەی راگەیەندراوەكە ئاماژە بۆ ئەوە كراوە: "ئەنجومەنی ناوەندی بەپێی ئەو دەسەڵاتەی کەهەیەتی دەست دەکات بە هەموارکردنی رەشنوسی پەسەندکراوی پەیڕەوی ناوخۆی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان وەک ئامادەکارییەک بۆ کۆنگرە بەشێوەیەک کە لەگەڵ دۆخی ئێستای یەکێتی و ئەم قۆناغەی خەباتتدا بگونجێت".

ئەم راگەیەندراوەی ئەنجوومەنی ناوەندی یەكێتی لە كاتێكدایە كە دوای كۆچی دوایی مام جەلال تاڵەبانی، سكرتێری گشتی یەكێتی، كێشەناوخۆییەكانی ئەو حزبە زیاتر پەرەیان سەندووە و سەركردە و كادیرەكانی ئەو حزبە لە میدیاكان چەندین لێدوانی دژ بە یەك دەدەن.