به‌وێنه.. پێشكه‌شكارێك له‌په‌خشی راسته‌وخۆ منداڵی ده‌بێت
K24- هه‌ولێر:
ناوی پێشكه‌شكارێكی ئه‌مه‌ریكی بووه‌ته سه‌ردێر و مانشێتی تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان، ئه‌مه‌ش دوای ئه‌وه‌ی له په‌خشی راسته‌وخۆ منداڵه‌كه‌ی له‌دایك ده‌بێت.
به‌گوێره‌ی كه‌ناڵی "بی بی سی" كاسیدای برۆكتۆر، ئه‌و پێشكه‌شكاره ئه‌مه‌ریكییه‌یه كه به‌رنامه‌ی به‌یانیان له رادیۆی "زه ئارك" له شاری سانت لویس پێشكه‌ش ده‌كات و ساته‌كانی له‌دایكبوونی منداڵه‌كه‌ی له یه‌كێك له نه‌خۆشخانه‌كانی ئه‌و شاره، له په‌خشی راسته‌وخۆی به‌رنامه‌كه‌ی پێشكه‌ش كرد.
رۆژێك به‌ر له له‌دایكبوونی منداڵه‌كه‌ی، برۆكتۆر ژانی گرت، پێشتریش رادیۆی "زه ئارك" له‌گه‌ڵ ئه‌و نه‌خۆشخانه‌یه رێككه‌وتبوو، كه ساته‌كانی له‌دایكبوونی منداڵی ئه‌و پێشكه‌شكاره راسته‌وخۆی پێشكه‌ش ده‌كه‌ن.
برۆكتۆر له‌و باره‌یه‌وه گوتی، "ساتی له‌دایكبوونی منداڵه‌كه‌م زۆر به‌خێرایی تێپه‌ڕی، به‌بێ ئه‌وه‌ی پلانی پێشوه‌خته‌مان هه‌بێت"، چونكه وه‌ك خۆی ئاماژه‌ی پێكرد، منداڵه‌كه‌ی به دوو هه‌فته به‌ر له واده‌كه‌ی له‌دایك بووه، بۆیه ئاماده‌كاری ته‌واویان بۆ ئه‌و كاره نه‌كردبوو.
هه‌روه‌ها گوتیشی: "هه‌ستێكی زۆر خۆش بوو كه بتوانم له كاریگه‌رترین رۆژه‌كانی ژیانم راسته‌وخۆ له‌گه‌ڵ بیسه‌رانی به‌رنامه‌كه‌م بم".
ئه‌و پێشكه‌شكاره جه‌ختیشی كرده‌وه، "له‌دایكبوونی منداڵه‌كه‌شم به‌شێك بوو له‌كاره‌كانی ئه‌و به‌رنامه‌ی كه به‌یانی هه‌موو رۆژێك پێشكه‌شم ده‌كرد، به‌تایبه‌ت كه بیسه‌رانی به‌رنامه‌كه‌م له گه‌وره‌ترین ورده‌كاری ژیانی من راسته‌وخۆ له‌گه‌ڵم بوون".
گوتیشی: "منداڵه‌كه‌م ناوی جیمسۆنه، ئه‌مه‌ش له‌سه‌ر داواكاری بیسه‌رانی به‌رنامه‌كه‌م كه به‌شدارییان له كێبڕكێی هه‌ڵبژاردنی ناوی منداڵه‌كه‌مدا كرد و ئه‌و ناوه‌مان لێناوه، كه زۆرترین بیسه‌ر ده‌نگی پێداوه".
"سكۆت رادی" ده‌رهێنه‌ری به‌رنامه‌كه‌ی "كاسیدای برۆكتۆر" گوتی: "12 ناوی پێكه‌نیناوی له‌گه‌ڵ 12 ناوی دیكه له‌لایه‌ن دایك و باوكی كۆرپه‌كه‌وه هه‌ڵبژێردران، ئێمه‌ش پرۆسه‌كه‌مان خسته ده‌نگدانه‌وه و دوا جار ناوی "جیمسۆن" زۆرترین ده‌نگی به‌ده‌ستهێنا".
سهبهنسهر گریفزی كه هاوكاری برۆكتۆره له پێشكه‌شكردنی به‌رنامه‌كه‌ی، ساته‌كانی له‌دایكبوونی منداڵی هاوكاره‌كه‌ی له‌په‌خشی راسته‌وخۆ به ساتێكی جادوویی و سۆزداری وه‌سف كرد.
برۆكتۆر بۆ ماوه‌یه‌ك له پێشكه‌شكردنی به‌رنامه‌كه‌ی داده‌بڕێت و له بیسه‌رانی به‌رنامه‌كه‌ی دوور ده‌كه‌وێته‌وه، بۆئه‌وه‌ی سوود له مۆڵه‌تی دایكایه‌تی وه‌ربگرێت و چاودێری كۆرپه‌كه‌ی بكات.
H.B