دوو شەپۆلی رادیۆیی کراوە له‌ ئاسمانه‌وه‌ ده‌گه‌نه‌ زەوی

ئه‌گه‌ری ئه‌وه‌ هه‌یه‌ بوونەوەری گەردوونیی ئەو شەپۆلانە ئاراستە بکەن

K24 - هه‌ولێر:

لە دوورەوە و لەو دیو گەلەستێرەی کاکێشان، رێگەی شیریی خۆمان، شەپۆلی رادیۆیی ئاراستەی گۆی زه‌وی ده‌كرێت و شه‌پۆله‌كانیش تۆماركراون.

زاناکان ئەو شەپۆلانەیان تۆمارکردووە و شیکردنەوەی بۆ دەکەن، لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکانیش لە گۆڤاری زانستی (نێیچەر) بڵاوکراونەتەوە.

خێرایی شەپۆلە رادیۆییەکان تەنیا نیو-میل/ چرکەیە، ئەو جۆرە شەپۆلانەش ئەوەندە دەگمەن نین، بەڵام ئەوەی ئەم شەپۆلانە جیادەکاتەوە. دووبارەبوونەوەی شەپۆلەکانە یه‌ك له‌ دوای یه‌ك.

خەمڵاندن و لێکدانەوە زانستییەکان لەسەر ئەو شەپۆلانە بەردەوامن، بەڵام ئەگەره‌كان بۆ ئەوە دەچن بوونەوەری گەردوونیی ئەو شەپۆلانە ئاراستە بکەن.

یەکەم شەپۆل، (FRB 121102) لە ساڵی 2015 لە رێگەی تێلێسکۆپی ڕادیۆیی ئەرێکیبۆ وەرگیرا بوو، ئینجا دوای سێ ساڵ ئاشکرا کرا، شەپۆلی دووبارەبووەوەی ئەم جارەیان پێی دەگوترێت (FRB 180814.J0422+73)؛ شەپۆلەکە شەش جار لە هەمان شوێن ئاراستەکراوە لە دووریی یەك ملیار و نیو ساڵی رووناکیی (یەك ساڵی ڕووناکی = 9.4607 تریلیۆن كیلۆمه‌تر)، واتا هەر ساڵێکی رووناکی تیشکی رووناك ئەو مەودایە دەبڕێت تا دەگاتە زەوی؛ ساڵ یان ماوەی رووناکی ماوەی خێرایی گەیشتنی رووناکیە.

ئەو شەپۆلە لە ساڵی 2018، لە لایەن تێلێسکۆپی رادیۆیی کەنەدی (CHIME)، نزیكه‌ی 12 جار تۆمار کراوە، لەو کاتەی کە تێلێسکۆپەکە لە قۆناغی دەسپێکی و بەکارخستنی بەشێکی کەمی تواناکانی بووە.

لەرەلەری ئەو شەپۆلە دووبارەبووانە لە نێوان 400 تا 700 مێگا هێرتز بووە.

سەرچاوە: سی ئێن ئێن

ی. ئ