خامنه‌یی لیوا تایبه‌ته‌كه‌ی له‌سه‌ر سنووری عێراق بڵاوده‌كاته‌وه
K24 - هه‌ولێر:
به‌گوێره‌ی راپۆرتێكی رۆژنامه‌ی "الجريدة"ـی كوه‌یتی، عه‌لی خامنه‌یی رێبه‌ری باڵای ئیران فه‌رمانی به لیوای تایبه‌تی سابیرین كردووه له سنووری عێراق بڵاوببنه‌وه".
لیوای تایبه‌تی سابیرین راسته‌وخۆ سه‌ر به رێبه‌ری ئێرانه و راپۆرته‌كانی راسته‌وخۆ بۆ عه‌لی خامنه‌یی ده‌نێرێ بێ ئه‌وه‌ی بگه‌رێته‌وه بۆ فه‌رمانده‌یی سوپای پاسداران.
سه‌رچاوه‌كه له زاری به‌رپرسانی ئێرانه‌وه نوسیوویه‌تی: "رێبه‌ر فه‌رمانێكی راسته‌وخۆی بۆ بڵاوه‌پێكردنی ده‌سته‌بژێریكی لیوای تایبه‌تی سابیرین ده‌ركردووه، له سنووری عێراق بڵاوه‌بكه‌ن، ئه‌وه‌ش له كاتێكدایه فه‌یله‌قی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران تایبه‌تمه‌نده به پاراستنی سنووری ئێران و ئه‌و یه‌كانه‌ی له‌ناو عێراقدا كار ده‌كه‌ن".
به‌گوێره‌ی زانیارییه‌كانی سه‌رچاوه‌ی رۆژنامه كوه‌یتییه‌كه، پێشتر وا باوبووه ئه‌و هێزه له‌و شوێنانه‌دا بڵاده‌بنه‌وه كه رێبه‌ری ئێران ده‌یه‌وێت سه‌ردانیان بكات له سنوور یان له ئێران بچێته ده‌ره‌وه بۆ ئه‌وه‌ی به‌شداریی له عاشوورا یان چله‌ی ئیمام حوسه‌ین بكات، هه‌رچه‌نده دیاریش نییه ئه‌و كارانه ده‌كات یان نا".
سه‌رچاوه ئێرانییه‌كه ده‌ڵێت: "ئه‌گه‌ر ئایه‌توڵڵا عه‌لی خامنه‌یی بچێته ده‌ره‌وه، ئه‌وه ده‌بێته یه‌كه‌مین گه‌شتی ده‌ره‌كی له‌وه‌ته‌ی له ساڵی 1989 پۆستی رێبه‌رایه‌تی ئێرانی وه‌رگرتووه".
روونیشیكردووه‌ته‌وه فه‌رمانه‌كه بڵاوه‌پێكردنی 1200 ئه‌ندامی لیوای سابیرین ده‌گرێته‌وه به درێژاریی سنوورهاوشانی 10 هه‌زار له ئه‌ندامانی یه‌كه تایبه‌ته‌كانی سوپای پاسداران".
رۆژنامه‌كه ده‌ڵێت: "سوپای پاسداران ئاماده‌كاریی ته‌واویان بۆ پاراستی ملیۆنان ئێرانی كردووه كه له سه‌ره‌تای مانگی موحه‌ڕه‌می هه‌موو ساڵێك تا رێوڕه‌سمی چله‌ی ئێمام حوسه‌ین ده‌چنه عێراق، به‌ڵام بڵاوه‌پێكردنی لیوای سابیرینی رێبه‌ر بۆ ئه‌و مه‌به‌سته سرووشتی نییه".