ئیسرائیل وەڵامی رووسیای دایەوە

"رژێمەکەی سووریا بەرپرسە نەک ئێمە"

K24 – هه‌ولێر:

ئیسرائیل وەڵامی تۆمەتەکانی رووسیا دەداتەوە و هۆکاری کەوتنە خوارەوەی فڕۆکە رووسییەکە دەخاتە ئەستۆی رژێمەکەی ئەسەد.

پێشتر، وه‌زاره‌تی به‌رگری رووسیا بڵاویكردبوەوە‌، به‌هۆی كه‌وتنی فڕۆكه‌ی ئێل 20ی سه‌ربازی وڵاته‌كه‌یان له‌ سووریا، 15 سه‌رباز گیانییان له‌ده‌ستدا.

وه‌زاره‌تی به‌رگری رووسیا، ئه‌وه‌شی خستووه‌ته‌ ڕوو، فڕۆكه‌ جه‌نگییه‌كانی ئیسرائیل، كه‌ له‌و كاته‌دا له‌ ئاسمانی لازقیه‌ی سووریا بوونه‌، كه‌شێكی "مه‌ترسیدار"یان هێناوه‌ته‌ ئارا و فڕۆكه‌ رووسییه‌كه‌یان به‌ره‌و رێڕه‌وی به‌رگری ئاسمانی سووریاوه‌ پاڵداوه‌.

مۆسكۆ ئاماژه‌ به‌وه‌ش ده‌كات، ئه‌و كاته‌ی فڕۆكه‌كه‌ له‌سه‌ر رادار ونبووه‌، فڕۆكه‌ جه‌نگییه‌كانی ئیسرائیل، چه‌ند ئامانجێكیان له‌ناوخۆی سووریا بۆردومانكردووه‌.

وتەبێژی هێزەکانی بەرگری ئیسرائیل لەسەر تۆمەتی کەوتنە خوارەوەی فڕۆکەکە هاتە دەنگە و لە بڵاوكراوەیەکیدا نووسیویەتی: "ئیسرائیل خەمناکی خۆی بە مردنی سەرنشینانی فڕۆکەکە دەردەبڕێت کە لەلایەن مووشەکی دژە فڕۆکەی سووریا کرایە ئامانج".

ئیسرائیل دەشڵێت: "رژێمەکەی ئەسەد بە تەواوی بەرپرسە لە خستنە خوارەوەی ئەو فڕۆکەیە".

لە درێژەی بڵاوکراوەکەی، سوپای ئیسرائیل دەڵێت، بەڵگەی تەواو دەدەنە رووسیا کە رووداوەکە پەیوەندی بە سوپای ئیسرائیلەوە نییە.

 H.J