عەبادی خەمێكی دیكە بۆ عادل عەبدولمەھدی جێدەھێڵێ

داوا دەكرێت لیژنەیەك لەنێوان حكوومەت و پەرلەمان دروست بكرێت
kurdistan24.net

K24 - بەغدا

عادل عەبدولمەھدی، بە نووسراوێکی فەرمی تکا لە پەرلەمانی عێراق دەکات کە رەشنووسی پڕۆژە بوودجەی ساڵی 2019 رەتنەکرێتەوە و بە ھەر میکانزمێك بێت کەموکوڕییەکانی جارەسەربکەن، سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقیش بۆ ئەو مەبەستە لیژنەیەکی ھەمەھەنگی لە ھەردوو دەسەڵاتی یاسادانان و جێبەجێکردن دروست دەکات.

ميران محه‌مه‌د، پەرلەمانتاری عێراق لە فراكسیۆنی یەكێتی بە كوردستان24 راگەیاند: "رێگەی یەكەم نەكرا، واتا بوودجە ناگەڕێتەوە بۆ حكوومەت تا گۆڕانكاری تێدا بكرێت، رێگەی دووەممان لەبەردەمە ئەویش ئەوەیە كە لیژنەیەك لەنێوان حكوومەت و ئەنجوومەنی نوێنەران دروست بكرێت، بە بڕوای من ئەوە دەستكەوتێكی باشە، چونكە لەساڵانی رابردوو نوێنەری پەرلەمان لەو لیژنەیە نەبووە".

رەشنووسی پڕۆژە یاسایی بوودجەی ساڵی 2019 لەلایەنە کابینەكەی عەبادی نووسراوە، بۆیە پەرلەمانتارانی خولی نوێ دەڵێن، ئێمە متمانەمان بە حکوومەتەکەی عادل عەبدولمەھدی داوە، ئەو پڕۆژە یاساییە خزمەتی ناکات و ئەگەری سەرھەڵدانەوەی کێشەی نێوان پێکھاتەکانی ھەیە.

لەوبارەوە ھەندرێن دۆسکی، پەرلەمانتاری عێراق لە فراكسیۆنی پارتی دەڵێت: "ئەو بەرنامەی كابینەی عادل عەبدولمەھدی پێشكەشی كرد و ئێمە متمانەمان پێدا، پڕۆژەیاسای بوودجەی تێدا نەبووە، بۆیە پەسندكردنی ئەو پڕۆژەیە دەبێتە ھۆكاری دروستبوونی كێشە لەنێوان پێكھاتەكان، ھەروەھا جارێكی دیكە كێشە لەنێوان ھەرێمی كوردستان و بەغدا دروست دەكات".

بوودجەی گشتی ساڵی 2019ی عێراق داھاتی بە 105 تریلیۆن دینار خەمڵێنراوە و خەرجییەکان بە 128 تریلیۆن دینار، کورتھێنانەشی دەگاتە  22 تریلیۆن دینار. فراکسیۆنەکانی ناو پەرلەمانیش پێیان وایە بنەمای دابەشکردنەکەی نادادپەروەرانەیە و رووبەڕووی دەوەستنەوە لە جێبەجێکردنی.

ھ،م