قوباد تاڵه‌بانی: حکومه‌تی هه‌رێم درێغی ناکات له دابینکردنی پێداویستییه ته‌ندروستییه‌کان
K24- سلێمانی:
قوباد تاڵه‌بانی، جێگری سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان سه‌ردانی فه‌رمانگه حكومییه‌كانی پارێزگای سلێمانیی كرد و له‌گه‌ڵ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتیی ته‌ندروستی، قایمقامیه‌ت، شاره‌وانی و كۆمپانیای پایۆنیری به‌رهه‌مهێنانی ده‌رمان له‌و پارێزگایه، هه‌وڵه‌كانی رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی كۆرۆنای تاوتوێ كرد.
جێگری سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێم له كۆبوونه‌وه‌یدا له‌گه‌ڵ ئومێد سه‌باح، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی ته‌ندروستی سلێمانی و به‌رپرسانی كه‌رتی ته‌ندروستی ئه‌و پارێزگایه، رۆڵی كارمه‌ندانی ته‌ندروستی له رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی كۆرۆنا به‌رز نرخاند.
هاوكات دووپاتی كرده‌وه، حکومه‌تی هه‌رێم درێغی ناکات له دابینکردنی پێداویستییه ته‌ندروستییه‌کان بەپێی توانا و داواشی لێکردن، تا زاڵبوونی ته‌واو به‌سه‌ر په‌تای کۆرۆنادا به‌هه‌مان گیانی ئێستا به‌رده‌وامبن.
دواتر قوباد تاڵه‌بانی سه‌ردانی کارگه‌ی ده‌رمانسازی پایۆنیری کرد که وه‌ك یه‌که‌م کارگه له‌سه‌ر ئاستی هه‌موو عێراق پرۆسه‌ی به‌رهه‌مهێنانی ده‌رمانه‌کانی هایدرۆکسی کلۆرۆکوین و ئه‌زیسرۆما‌یسنی ده‌ستپێکردووه، که لەئێستادا وه‌ك یەكێك لە چاره‌سه‌رەكان بۆ تووشبووانی کۆرۆنای نوێ به‌کارده‌هێنرێن.
هه‌روه‌ها پشتگیری حکومه‌تی هه‌رێمی كوردستانی بۆ دووپات کردنه‌وه و هیوای سه‌ركه‌وتنی بۆ خواستن.
له كۆبوونه‌وه‌یدا له‌گه‌ڵ قایمقامی سلێمانی و ئەندامانی ژووری ئۆپەراسیۆن داوای لێ كردن، بەردەوام بن لە بەجێهێنانی ئەو ئەركانەی پێویستن بۆ پاراستنی گیانی هاوڵاتیان.
H.B