پێرێز له‌ دیمانه‌یه‌كدا سه‌رجه‌م وه‌رده‌كارییه‌كانی ئه‌م هاوینه‌ی یانه‌كه‌ی ئاشكرا ده‌كات

وه‌ڵامی چه‌ند پرسیارێك ده‌داته‌وه‌ كه‌ ده‌میكه‌ هانده‌رانی ریال مه‌درید چاوه‌ڕێی ده‌كه‌ن

K24 ـ مه‌درید

پێرێزی سه‌رۆكی ریال مه‌درید له‌ نوێترین دیمانه‌یدا، وه‌ڵامی چه‌ند پرسیارێك ده‌داته‌وه‌ كه‌ ده‌میكه‌ هانده‌رانی لۆس بڵانكۆس چاوه‌ڕێی ده‌كه‌ن، دیارترین داهاتووی رۆناڵدۆ و هاتنی چه‌ند ئه‌ستێره‌یه‌كی نوێیه‌ بۆ ریزه‌كانی مێرنگی.

كریستیانۆ چی به‌سه‌ر دێت؟

فلۆرێنتینۆ پێرێز، سه‌رۆكی ریال مه‌درید، له‌ میانی به‌شدارییكردنی له‌ پرۆگرامی وه‌رزشی رادیۆیه‌كی ئیسپانیا ده‌رباره‌ی داهاتووی كریستیانۆ ده‌ڵێت:

 ده‌زانم رۆناڵدۆ توڕه‌یه‌، به‌ڵام قسه‌م له‌گه‌ڵ خۆرخێ میندێزی به‌ڕیوه‌به‌ری كاره‌كانی كردووه‌ پێی وتم كه‌ نیگه‌ران نه‌بم، بۆیه‌ كریستیانۆ له‌ مه‌درید ده‌مێنێته‌وه‌ و بۆ هیچ یانه‌یه‌ك ناروات.

پێرێز ده‌شڵێت: رۆناڵدۆ به‌هۆی ئه‌نجامدانی یارییه‌كانی جامی كیشوه‌ره‌كان سه‌ڕقاڵه‌ بۆیه‌ نامه‌وێ ده‌رباره‌ی كێشه‌كان قسه‌ی له‌گه‌ڵ بكه‌م. 

كریستیانۆ بڕیاری یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ی نه‌داوه‌

سه‌رۆكه‌كه‌ی مێرێنگی ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ش ده‌كات كه‌ هێشتا رۆناڵدۆ بڕیاریی یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ی نه‌داوه،‌ به‌ڵام وه‌ك خۆی ده‌ڵێت به‌ دڵنییایه‌وه‌ كریس له‌گه‌ڵمان به‌رده‌وام ده‌بێت و ده‌شڵێت: كریس گرێبه‌ستی له‌گه‌ڵ یانه‌كه‌ هه‌یه‌ و پابه‌ندی ئه‌و گرێبه‌سته‌ش ده‌بیت.

كلیان مباپێ به‌ره‌و كوێ؟

له‌ به‌شێكی قسه‌كانیدا، سه‌رۆكی یانه‌ی شایانه‌ ده‌رباره‌ی كلیان مباپێی هێرشبه‌ری یانه‌ی مۆناكۆ دوایین پێشهاته‌كان باس ده‌كات.

له‌مباره‌یه‌وه‌ پیاوه‌ ته‌مه‌ن70  ساڵییه‌كه‌، ئه‌وه ‌ناشارێته‌وه‌، كه‌ مباپێ یه‌كێكه‌ له‌ یاریزانه‌ باشه‌كانی جیهان، ده‌شڵیت: كلیان مباپێ له‌ هزری زیدانی راهێنه‌ره‌ و ده‌مێكه‌ په‌ویوه‌ندییه‌كی باش له‌ نێوانیاندا هه‌یه.

سه‌رۆكه‌ به‌ ساڵاچووه‌كه‌ی ریال مه‌درید ده‌شڵێت: مباپێ ته‌مه‌ن18  ساڵ ئه‌سته‌مه‌ بتوانێت شوێنێك له‌ یانه‌كه‌مان بدۆزیته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی یاریی بكات.

 به‌ وته‌ی پێرز ریال مه‌درید ته‌نیا چه‌ند یاریزانێكی كه‌می هه‌یه‌ ته‌مه‌نیان له‌ خوار 20 ساڵی بێت و له‌ مه‌درید یاریزانی سه‌ره‌كی بن.

مۆڕاتا ده‌ڕوات؟

پێرێز له‌ میانه‌ی دیمانه‌كه‌یدا قسه‌ له‌سه‌ر داهاتووی ئه‌لڤارۆ مۆراتا ده‌كات و جه‌خت له‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌ كه‌ ئه‌وان تا ئێستا  له‌گه‌ڵ مانچێسته‌ر یونایتد هیچ گفتووگۆیه‌كیان نه‌كردووه.

دۆناڕۆما دێته‌ ریال مه‌درید؟

 ده‌رباره‌ی دۆرنارۆمای گۆڵپاریزی ئیتاڵیاش، پێرێز ده‌ڵیت: به‌داخه‌وه‌ پێشتریش له‌گه‌ڵ مینۆ رایۆلا تووشی كێشه‌ بووین له‌سه‌ر گواستنه‌وه‌ی پۆگبا هه‌مان سیناریۆ له‌گه‌ڵ دۆنارۆماش سه‌ری هه‌ڵدایه‌وه‌.

پێرێز زانیاری زیاتر ده‌خاته‌ڕوو

 له‌ كۆتایی قسه‌كانیدا فلۆرێنتینیۆ پێریز به‌ ئاشكرا رایگه‌یاند كه‌ فابیۆ كۆینترا و كلیپه‌ر پیپی گرێبه‌سته‌كانیان كۆتایی هاتووه‌ و له‌ ریال مه‌درید نامێنن،‌ مانه‌وه‌ی زیزۆی راهێهنه‌ریشی دووپات كرده‌وه‌.