فه‌ره‌نسا: سه‌قامگیری عێراق په‌یوه‌سته به ده‌سته‌به‌ركردنی پێگه‌ی كورد
K24- هه‌ولێر:
نوێنه‌ری فه‌ره‌نسا له ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تی دووپاتیكرده‌وه، سه‌قامگیری عێراق په‌یوه‌سته به ده‌سته‌به‌ركردنی پێگه‌ی كورد و به‌شداریپێكردنێكی كارای كورد له پرۆسه‌ی سیاسی‌دا.
ئه‌م قسانه‌ی نوێنه‌ری فه‌ره‌نسا له میانه‌ی كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجوومه‌نی ئاسایش هاتوون، كه تایبه‌ت بوو به بونیادنانه‌وه‌ی عێراق.
نوێنه‌ری فه‌ره‌نسا گوتی: "عێراق وڵاتێكی به‌هێزه و سه‌قامگیری تێیدا به‌رجه‌سته بووه، له دووباره بونیادنانه‌وه و ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی ناوچه رزگاركراوه‌كانی ئه‌و وڵاته یارمه‌تی ده‌ده‌ین".
ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، "ئه‌گه‌ر عێراق بكه‌وێته ته‌ڵه‌ی گێژه‌ڵۆكه‌كانی ناوچه‌كه، ئه‌وا ناتوانرێت بونیادبنرێته‌وه"، گوتیشی: "سه‌ركه‌وتنی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی عێراق توانای به‌ره‌وپێشچوونه‌وه‌ی ئه‌و وڵاته نیشان ده‌دات".
هه‌روه‌ها هیوای خواست، "له‌كاتێكی نزیكدا پێكهاته‌ی كابینه‌ی نوێی حكوومه‌تی عێراق ته‌واو بێت" و جه‌ختی كرده‌وه، "سه‌قامگیری عێراق په‌یوه‌سته به ده‌سته‌به‌ركردنی پێگه‌ی كورد له‌و وڵاته".
H.B