سەركردەیەكی یەكێتی ھۆكاری توڕەبوونی مەلا بەختیار ئاشكرا دەكات

"بەرھەم ساڵح دەگەڕێتەوە سەر پۆستی پێشووی"
kurdistan24.net

K24 - سلێمانی

سەركردەیەكی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لەبارەی توڕەبوونی مەلا بەختیار و جێھێشتنی كۆبوونەوەی دوێنێی ئەنجوومەنی سەركردایەتی حزبەكەی ئاشكرای دەكات، مەلا بەختیار یەكێك بوو لە كاندیدەكانی پۆستی سەرۆك كۆمار و لە كۆبوونەوەكەدا كە زانیویەتی بەرھەم ساڵح كاندید دەكرێت، پێی گوتوون "من كۆبوونەوەكە جێدەھێڵم و خۆتان چیتان پێ باشە بڕیار لەسەر ئەوە بدەن".

فەرید ئەسەسەرد، ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی نیشتمانی کوردستان بە کوردستان24ی راگەیاند: "مەلا بەختیار لێپرسراوی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی، یەکێک بووە لە کاندیدەکانی یەکێتی بۆ پۆستی سەرۆککۆماری عێراق، بۆیە کاندید کردنی بەرهەم ساڵحی بۆ ئەو پۆستە پێناخۆشبوو، بەڵام لەبەرامبەردا هیچ ناڕەزایەتییەکی دەرنەبڕی تەنیا کۆبوونەوەکەی جێهێشت و گوتی چیتان پێ باشە بڕیار لەسەر ئەوە بدەن".

گوتیشی: "بەرهەم ساڵح بە هەمان پۆستی پێشووی، کە جێگری دووەمی سکرتێری گشتی بووە گەڕاوەتەوە ناو یەکێتی".

فەرید ئەسەسەرد ئاماژەی بەوەشدا: "گەڕانەوەی بەرهەم ساڵح و یەکێتییەکانی ناو ھاوپەیمانی بۆ دیموکراسی و دادپەروەری بۆ ناو یەكێتی، لە یەکگرتنەوەی یەکێتی و گۆڕان ئاسانترە".

لە وەڵامی راگەیەندراوی وتەبێژی پارتی دیموكراتی كوردستان كە رایگەیاندووە، پۆستی سەرۆككۆمار بە ئیستحقاقی خۆیان دەزانن و وەك پارتی كاندیدیان بۆ ئەو پۆستە دەبێت. فەرید ئەسەسەرد گوتی: "لە عێراق پۆست بەپێی ئیستحقاق نییە، ئەگەر وابوایە دەبێ سائیرون بە تەنیا حكوومەت پێكبھێنێ، بەڵام لە عێراق پۆستەكان بە تەوافق دابەش دەكرێن، جگە لەوەش بەگوێرەی رێككەوتنی نێوان پارتی و یەكێتی كە پێشتر واژووكراوە، پۆستی سەرۆككۆمار بۆ یەكێتی و پۆستی سەرۆكی ھەرێمی كوردستان بۆ پارتی بڕیاری لەسەردراوە، ئێستا پۆستی سەرۆكی ھەرێم لەسەر پێشنیازی پارتی ھەڵپەسێدراوە و دەسەڵاتەكانیش ھەر لای پارتییە".

راشیگەیاند: "لەو ماوەیەدا چەندین كۆبوونەوەمان لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان ئەنجامداوە و باسی ئەوەمان كردووە كە یەكێتی ئامادەكاری دەكات بۆ دیاركردنی كاندید بۆ پۆستی سەرۆككۆمار، بەڵام پارتی ھیچ كاردانەوە و رەنگدانەوەیەكی نەبووە. دەكرا پێشتر گفتوگۆمان لەسەر ئەو بابەتە لەگەڵ بكەن، لە دوایین كۆبوونەوەی نێوان مەكتەبی سیاسی ھەردوولا باسی ئەوەیان كردووە كە كاندیدیان دەبێت، یان دەبێت كاندیدێكی بێ لایەن ھەبێت، ئەوكاتەش زۆر درەنگ بوو كە ئەوان باسیان كرد، بێگومان ئەوە زۆر ناخۆش دەبێ كە دوو كاندیدیمان ھەبێت و بە جیا داوا لە لایەنە عێراقییەكان بكەین و ھەر لایەكمان دەنگ بۆ كاندیدێك كۆبكەینەوە".

ھ.م