33 كۆمپانیای دەرمان لە ھەرێمی كوردستان لە كار رادەگیرێن

وەزارەتی تەندروستی بڕیاری دا

K24 - ھەولێر

وەزارەتی تەندروستیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بڕیاری داخستن و راگرتنی كار و چالاكییەكانی 33 كۆمپانیای دەرمان و پێداویستیی پزیشكی دا.

وەزارەتی تەندروستی لە راگەیەندراوێكدا ئاشكرای كرد: "دوای چەندین مانگ لە رەخساندنی هەل بۆ نوێكردنەوە و باپەندبوونی كۆمپانیاكان بە رێنماییەكانی وەزارەتی تەندوستی و ئاگادار كردنەوەیان. وەزارەتی تەندروستیی حكوومەتی هەرێم، لە دووەمین قۆناغی چاكسازی لە بواری دەرمان و پێداویستیی پزیشكی، لە بەر باپەند نەبوون بە رێنماییەكان و پێوەری نوێی مۆڵەت نوێكردنەوە و كۆگاكردن، بڕیاری دا بە داخستن و لە كار راگرتنی كار و چالاكییەكانی 33 كۆمپانیای دەرمان و پێداویستیی پزیشكی لە هەرێمی كوردستان".

ئاماژە بەوەش كراوە: "ئەم بڕیارە پاڵپشتە بە بڕیارەكانی سەرۆكایەتیی ئەنجومەنی وەزیران و نووسراوی سەرۆكایەتیی داواكاری گشتی، تایبەت بە چاكسازی لە بواری دەرمان و پێداویستیی پزیشكی".

وەزارەتی تەندروستی ئەوەشی خستووەتەڕوو: "لە پێناو بەرژەوەندیی گشتی، وەزارەتی تەندروستی (بەڕێوبەرایەتیی كوالێكتی كۆنتڕۆڵی جۆریی دەرمان و پێداویستیی پزیشكی، سەندیكای دەمانسازان، دامودەزگاكانی تەندروستی لە كەرتی گشتی و كەرتی تایبەت) ئاگادار دەكاتەوە بە جێبەجێكردنی ئەم بڕیارە لە رۆژی دەرچوونیەوە، پاڵپشت بەم بڕیارەش هیچ كار و چالاكییەك لەگەڵ ئەو كۆمپانیایانە ئەنجام نادرێت".

ھ.م