ئه‌م هۆكاره چییه وایكردووه ئه‌مه‌ریكا هێرش نه‌كاته سه‌ر كۆریا.. رووسیا ئاشكرای ده‌كات
K24 - هه‌ولێر:
سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی گرژی ململانێكانی نێوان ئه‌مه‌ریكا و كۆریای باكوور، گه‌یشتووه‌ته لووتكه و به‌رده‌وام هه‌ڕه‌شه له یه‌كتر ده‌كه‌ن، به‌ڵام هۆكارێك هه‌یه كه وایكردووه تا ئێستا واشنتن هێرشی سه‌ربازی نه‌كاته سه‌ر پیۆنگ یانگ.
سێرگی لاڤرۆڤ، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی رووسیا، رایگه‌یاند، واشنتن دڵنیایه له‌وه‌ی پیۆنگ یانگ، خاوه‌ن چه‌كی ناووكییه و بۆیه تا ئێستا بیری له هێرش و رێگه‌چاره‌ی سه‌ربازی نه‌كردووه‌ته‌وه، ته‌نها له میدیاكان و راگه‌یه‌ندراوه‌كاندا ئاماژه‌ی بۆ كردووه.
لاڤرۆڤ، له گفتوگۆیه‌كدا، له‌گه‌ڵ كه‌ناڵی ئێن تی ڤی رووسی، گوتی: "ئه‌مه‌ریكییه‌كان هیچ كرده‌یه‌كی سه‌ربازی له دژی كۆریای باكوور ئه‌نجام ناده‌ن، چونكه هیچ گومانییان له‌وه‌دا نییه، پیۆنگ یانگ خاوه‌ن چه‌كی ناووكییه".
هه‌روه‌ها گوتی: "ئه‌و قسانه به‌رگری نییه له كۆریای باكوور، به‌ڵكو ته‌واوی شیكارییه‌كان گه‌یشتوونه‌ته ئه‌و ئه‌نجامه" و ئاماژه‌ی به رێگه‌چاره‌كان كرد و رایگه‌یاند، ده‌كرێت ئه‌و قه‌یرانه به نه‌رمی نواندنی زیاتر چاره‌سه‌ر بكرێت.
لاڤرۆڤ راشیگه‌یاند، ئه‌گه‌ر گرژییه‌كان زیاتر بن و له‌یه‌كتر نزیك نه‌بنه‌وه، ره‌نگه كاره‌ساتێكی وا رووبدات، ئه‌نجامه‌كه‌ی نه‌زانرێت، ره‌نگه ده‌یان بگره هه‌زاران كه‌سی بێ‌تاوان له كۆریای باكوور و باشوور و ژاپۆن ببینه قوربانی، ته‌نانه‌ت له رووسیا و چینیش، چونكه له گۆڕه‌پانی شه‌ڕه‌كه نزیكن.
وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی رووسیا، رۆژی هه‌ینی رابردوو، له نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان پێشنیازی ئه‌وه‌ی كرد، نزیكبوونه‌وه‌ی عه‌قلانی له نێوان ئه‌و دوو وڵاته بێته ئاراوه، به‌ر له‌وه‌ی ناوچه‌كه ببێته گۆڕه‌پانی قوتابخانه و كه‌س نه‌توانێت رایانبگرێت.
سه‌رچاوه: SkyNews