40 گوند لە دەستی داعش رزگاركرا

ئۆپەراسیۆن بۆ كۆنترۆڵكردنەوەی تەواوی ناوچەكە بەردەوامە

K24 - ھەولێر

فەرماندەیەكی سوپای عێراق ئاشكرای دەكات، بەشی دووەمی قۆناغی یەكەمی ئۆپەراسیۆنی كۆنتڕۆڵكردنەوەی حەویجە بە رزگاركردنەوەی 40 گوند كۆتایی ھات.

عەبدولئەمیر رەشید یارەڵڵا، فەرماندەی ئۆپەراسیۆنی كۆنتڕۆڵكردنەوەی حەویجە رایگەیاند، بەشی دووەمی قۆناغی یەكەمی ئۆپەراسیۆنی كۆنتڕۆڵكردنەوەی حەویجە بە رزگاركردنەوەی 40 گوند كۆتایی ھات.

لە لایەكی دیكەوە ھادی عامری، سەرۆكی رێكخراوی بەدر و سەركردە لە حەشدی شەعبی، رایگەیاند، بە گوێرەی پلانی كۆنتڕۆڵكردنەوەی حەویجە لە باشووری كەركووك، ھێزەكانی عێراق لە 3 قۆڵەوە ھێرش بۆ ناوەندی شارەكە ئەنجام دەدەن، ئاماژەشی بە ھەوڵەكان بۆ دەربازكردنی ھاووڵاتیان  و گواستنەوەیان بۆ شوێنە ئارامەكان كرد.

ھەریەك لە پۆلیسی فیدڕاڵی و سوپا و حەشدی شەعبی لە ئۆپەراسیۆنی كۆنتڕۆڵكردنەوەی حەویجەدا بەشدارن.

بەرەبەیانی رۆژی 21/9/2017، حەیدەر عەبادی، فەرماندەی ھێزە چەكدارەكانی عێراق، ئۆپەراسیۆنی كۆنتڕۆڵكردنەوەی حەویجە لە باشووری كەركووك راگەیاند.

حەویجە كە لە ساڵی 2014 كەوتە بندەستی داعش، بە یەكێك لە پێگە ستراتیجیەكیانی ئەو رێكخراوە دادەنرێت، ھەر لە سەرەتایی كۆنترۆڵكردنی حەویجە داعش چەندین تاوانی بە بەرچاوی خەڵكی شارۆچكەكە ئەمجامداوە.