سه‌رۆك بارزانى و برێت مه‌كگۆرك: به‌ بێ كورد هەوڵه‌كانى پێكهێنانی حكومه‌ت سەرناگرێت

سه‌رۆك بارزانى و برێت مه‌كگۆرك كۆبوونه‌وه‌

K24 – هه‌ولێر:

لە سەلاحەددین سەرۆك مەسعوود بارزانی پێشوازی لە برێت مەكگۆرگ نێردەی تایبەتی سەرۆكی ئەمەریكا لە هاوپەیمانێتیی نێودەوڵەتیی دژی داعش كرد و لەگەڵی كۆبوويه‌وە.

لەو كۆبوونەیەدا نێردەی تایبەتی سەرۆكی ئەمەریكا پیرۆزبایی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەكانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و سەركەوتنی پارتی دیموكراتی كوردستانی لە گەلی كوردستان و سەرۆك بارزانی كرد و وێڕای ئاماژەدان بە ڕۆڵی گرنگ و مێژوویی سەرۆك بارزانی لە كوردستان و عێراق و ناوچەكە، راشیگەیاند، كە سیاسەتی وڵاتەكەی ئەوەیە كە پێویستە هەرێمی كوردستان لە هاوكێشەكانی عێراقدا بە هێز و كاریگەر بێت و داوایشی كرد كە پەیوەندییەكانی نێوان ئەمەریكا و هەرێمی كوردستان لە هەموو بوارەكاندا بەردەوام بمێنێ و فراوانتر بكرێت.

هەر لەو كۆبوونەوەیەدا پڕۆسەی سیاسیی عێراق و ئەنجامی هەڵبژاردنەكانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و رۆڵی هەرێمی كوردستان لە سەقامگیریی سیاسیی تاوتوێ كرا و رۆشناییش خرایە سەر ئەگەرەكانی پێكهێنانی حكوومەتی ئاییندەی عێراق و جەختیش لەوە كرایەوە كە بە بێ بەشداریی كارا و حەقیقیی هەرێمی كوردستان، هەوڵەكان بۆ پێكهێنانی حكوومەت و دروستبوونی سەقامگیری سەرناگرێت.

سه‌رچاوه‌: سايتى سه‌رۆك بارزانى