ئه‌ڵمانیا: ئه‌ركی مه‌سروور بارزانی قورس ده‌بێت.. خه‌ڵك چاوی له‌ خزمه‌تی زیاتره‌

"شه‌ڕی داعش په‌یوه‌ندی نێوان هه‌رێمی كوردستان و ئه‌ڵمانیای گه‌یانده‌ ئاستێكی به‌رز"
kurdistan24.net

K24- هه‌ولێر:

له‌ لێدوانێكی تایبه‌تدا بۆ كوردستان 24، باڕباڕا ڤۆلف، کونسوڵی گشتی ئەڵمانیا لە هەرێمی کوردستان دووپاتیكرده‌وه‌، "هەماهەنگی و هاوکارییەکانی وڵاتەکه‌مان لەگەڵ كابینه‌ی داهاتووی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت و پاڵپشتییەکانیشمان بۆ هه‌رێم زیاد دەکەین".

كونسۆڵی گشتی ئه‌ڵمانیا گوتیشی، "له‌ كابینه‌ی نویی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئەرکی مه‌سروور بارزانی قورس دەبێت، چونکە خه‌ڵكی كوردستان چاوه‌ڕێی خزمه‌تێكی زیاتری لێ ده‌كه‌ن".

له‌ لایه‌كی دیكه‌وه‌ کریستیان ڤۆن بلوڕۆدێر، فەرماندەی هێزەکانی ئەڵمانیا لە عێراق دووپاتیکردەوە، "تا كۆتایی مانگی ئۆکتۆبەری داهاتوو مەشق و هاوکارییەکانیان بۆ پێشمەرگە بەردەوام دەبێت".

جه‌ختیشی كرده‌وه‌، "شه‌ڕی داعش په‌یوه‌ندی نێوان هه‌رێمی كوردستان و ئه‌ڵمانیای گه‌یانده‌ ئاستێكی به‌رز و له‌و په‌یوه‌ندییه‌ به‌رده‌وام ده‌بین".

H.B