خێزانێكی كورد له كه‌نه‌دا هه‌شت ملیۆن دۆلارییان برده‌وه
K24 - هه‌ولێر:
خێزانێكی كوردی نیشته‌جێی كه‌نه‌دا، به‌بۆنه‌ی هاتنی سه‌ری ساڵ، تكیتێكی یانسیب ده‌كڕن، دواجاریش به‌خت یاوه‌رییان ده‌بێت و دیارییه‌كی هه‌شت ملیۆن دۆلاری ده‌به‌نه‌وه.
تۆفیق سندی و هاوسه‌ره‌كه‌ی به‌ناوی كوردستان، نیشته‌جێی وڵاتی كه‌نه‌دان، ئه‌وان به یه‌كه‌وه نانه‌واخانه‌یه‌كی بچووكیان له شاری كچینه‌ری نزیك ئۆنتاریۆ داناوه و كار ده‌كه‌ن.
تۆفیق بۆ وێبسایتی گڵۆباڵ نیوزی كه‌نه‌دی ده‌ڵێت: "تیكیتی لۆتۆی خۆمان سكان كرد و وشه‌ی (براوه‌ی گه‌وره)مان بۆ ده‌ركه‌وت و تووشی شۆك بوون"، كه بڕی 7.9 ملیۆن دۆلاری ئه‌مه‌ریكیان له‌و یانسیبه بردووه‌ته‌وه.
به گوێره‌ی وێبسایته‌كه، بڕی پاره‌كه 7 ملیۆن و 935 هه‌زار و 986 دۆلاره، ئه‌و خێزانه كورده‌ش، پلانیان داناوه چۆن پاره‌كه‌یان خه‌رج بكه‌ن.
كوردستان، هاوسه‌ری تۆفیقه و ده‌ڵێت: "ئه‌وه دیارییه‌كی نایابی سه‌ری ساڵه".
ئه‌و دوو هاوسه‌ره پلانییان داناوه به یه‌كه‌وه هه‌ندێك له پاره‌كه خه‌رج بكه‌ن و له‌گه‌ڵ شه‌ش منداڵه‌كه‌یان گه‌شتێكی كوردستانی پێ بكه‌ن، هه‌ندێك له‌و قه‌رزانه‌ی حكوومه‌ت له‌سه‌ریان كه‌وتووه بیده‌نه‌وه، له‌گه‌ڵ كڕینی ئۆتۆمبێلێكی نوێ.
كوردستان ده‌ڵێت: "ماوه‌یه‌كی زۆره نه‌گه‌ڕاوینه‌ته‌وه وڵات، بۆیه پلانمان هه‌یه به‌و پاره‌یه له‌گه‌ڵ منداڵه‌كانمان سه‌ردانێكی كوردستان بكه‌ین".
تۆفیق باس له خۆشحاڵی خۆیان به بردنه‌وه‌ی ئه‌و بڕه پاره‌یه ده‌رده‌بڕێت و ده‌ڵێت: "له‌وه‌ته‌ی زانیومانه ئه‌و پاره‌یه‌مان بردووه‌ته‌وه له خۆشیان خه‌ومان لێنه‌كه‌تووه، ئه‌گه‌ر ئه‌و پاره‌یه‌ش به یه‌كجاری له بانك وه‌ربگرین، زۆر باشتریش ده‌بێت".